داهێنانەکەی مەسک هیوایەکی زۆر بە تووشبووانی ئیفلیجی دەبەخشێت

03-08-2025
ژیار عومەر
A+ A-
رووداو - تەندروستی

لە پێشهاتێکی مێژوویی و پزیشکیی گرنگدا، خانمێک کە دوو دەیەیە بەهۆی ئیفلیجییەوە توانای جووڵەی لەدەستداوە، توانی بۆ یەکەمجار بە بیرکردنەوە، ناوی خۆی بنووسێتەوە. ئەمەش بەهۆی چیپێکی ئەلیکترۆنییەوە بوو کە لەلایەن کۆمپانیای نیورالینکی (Neuralink) سەر بە ئیلۆن مەسک لە مێشکیدا چێندرابوو.
 
ئۆدری کروز ناوی خانمەکەیە و لە تەمەنی 16 ساڵییەوە ئیفلیجە، وێنەیەکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە کە ناوی خۆی "Audrey" بە شێوەی دیجیتاڵی لەسەر شاشەی کۆمپیوتەرێک نووسیبوو. لەگەڵ وێنەکەدا ئاماژەی بەوە دابوو، "بۆ یەکەمجار لە ماوەی 20 ساڵدا هەوڵمدا ناوی خۆم بنووسمەوە. هێشتا کار لەسەر باشترکردنی دەکەم''.
 
ئیلۆن مەسک، دامەزرێنەری نیورالینک، لە وەڵامی پۆستەکەدا نووسی: "ئەو تەنیا بە بیرکردنەوە کۆنتڕۆڵی کۆمپیوتەرەکەی دەکات''.
 
ئەم دەستکەوتە بە خاڵی وەرچەرخان لە تەکنەلۆژیای "پەیوەندیی نێوان مێشک و کۆمپیوتەر" دادەنرێت و هیوا بە ملیۆنان کەس دەبەخشێت کە بەهۆی ئیفلیجییەوە توانای جووڵە و پەیوەندیکردنیان سنووردارە. چیپەکە، کە قەبارەکەی لە دراوێکی کانزایی بچووکترە، بە نەشتەرگەرییەکی ورد دەچێندرێتە نێو مێشک و نێردە دەمارییەکان وەردەگێڕێتە سەر فەرمانی دیجیتاڵی.
 
کروز روونی کردەوە، ئەم تەکنەلۆژیایە توانای رۆیشتنەوەی پێنابەخشێت، بەڵکو تەنیا بۆ "پەیوەندیی تێلێپاسی" (telepathy)ـیە، واتا کۆنتڕۆڵکردنی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانە لەڕێگەی بیرکردنەوەوە.
 
نیورالینک ئامانجیەتی لەڕێگەی ئەم تەکنەلۆژیایەوە سەربەخۆیی بۆ ئەو کەسانە بگەڕێنێتەوە کە تووشی ئیفلیجیی چوارپەلیان بوون و توانای بینین بۆ نابینایانیش بگەڕێنێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە