رووداو - تەندروستی
پزیشکێک لە بەردەڕەش پەیامی زانستی لەبارەی هاوڕەگەزخوازی لە دووتوێی کتێبێکدا باس دەکات و روونی دەکاتەوە، ژینگەی دەوروبەری مرۆڤ کۆنتڕۆڵی جینە رەفتارییەکانی مرۆڤ دەکات بەمەش وادەکات جینەکان چالاک یاخود ناچالاک بن و رەفتارەکە دەربکەوێت یانیش دەرنەکەوێت.
دکتۆر محەممەد وەلید، پزیشکی نیشتەجێی خولاوە و دانیشتووی بەردەڕەشە؛ کتێبێکی نووسیوە بە ناوی (جینەکانمم ناچارکرد!) لەبارەی بنچینەی هاوڕەگەزخوازی و دەڵێت: جینەکان، هۆڕمۆن، مێشک و دەمار بەیەکەوە کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر هاوڕەگەزخوازی و هەر رەفتارێکی دیکەی مرۆڤ هەیە.
ئەو دەڵێت، ''کتێبەکە چەندین سەرچاوەی زانستی تێدا باس کراوە و ئاماژەیان پێکراوە، پاشانیش خۆم پێشنیاز و بیروڕام دەرخستووە و لایەنە زانستییە ئاڵۆزەکانم بە سادەیی روون کردوونەتەوە، تاوەکو خوێنەر لێی تێبگات''. لە کتێبەکەدا هاتووە کە ''جینەکان رەفتارە سێکسییەکان کۆنتڕۆڵ ناکەن، بەڵکو تەنیا زانیاریی بۆماوەیی دەگوازرنەوە لە باوانەوە بۆ وەچەکان''، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە هاوڕەگەزخوازی بەرهەمێکی کارتێکردنی ژینگەییە نەک گۆڕانکارییەکی جینیی بۆماوەیی.
دکتۆر یوسف مەلا خەلیل، ئێستا خوێندکاری بۆردی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمارە لە سلێمانی و لە کەلار دادەنیشتێت. یەکێکە لەوانەی پێداچوونەوەی زانستی بۆ کتێبەکە کردووە و دەڵێت: لە دیوە زانستییەکەی زۆر جوان زانیارییەکانی خستووەتەڕوو، توانیویەتی مافی خۆی پێبدات، بەتایبەت لەڕووی زانستییەوە کە بەشێکی ئایینیش لەو روانگەیەوە باس کراوە.
کتێبەکە بەزمانی کوردی بڵاو کراوەتەوە و لەم دواییانەدا بەزمانی ئینگلیزی لەسەرچاوەی جیهانیی ئەمازۆن بڵاو کرایەوە بۆ ئەوەی خەڵک بیانکڕن و بیخوێننەوە.
بڵاوکردنەوەی کتێب لە ئەمازۆن لەڕێگەی ئۆنڵاینە و نووسەر ئەکاونتێک دروستدەکات پاشان سەرجەم زانیارییەکانیان بۆ دەنێرێت، پاشان ئەوانیش پێداچوونەوەی بۆ دەکەن و بڵاوی دەکەنەوە، 30٪ـی بڕی پارەکە بۆ ئەمازۆنە و 70٪ـی بۆ نووسەر دەگەڕێتەوە.
هەندێک لە دەقەکانی کتێبەکە؛
- لەساڵی 2019 توێژینەوەیەک بڵاو کرایەوە لە گۆڤاری (Science) و چەندانی دیکە، کە نزیکەی 500 هەزار کەس بەشداربوون لە هاوڕەگەزخوازان و خەڵکی دیکە، گەیشتنە ئەو ئەنجامەی؛ بە هیچ جۆرێک جینی هاوڕەگەزخوازی بوونی نییە (There is no Gay gene).
- هاوڕەگەزخوازی نابێتە پاساو سەرەڕای ئەوەی گریمان جینی هاوڕەگەزخوازی بوونی هەبێت، هەروەکو پزیشکانی دامەزراوەی ئەمریکی بۆ چارەسەرکردنی ئالوودەیی پێمان دەڵێن، بوونی جینێک بە واتای ئەوە نایەت کە مرۆڤ ناچار بکات کارێکی دیاریکراو بە ناچاری بکات، چونکە بوونی جینەکە بە واتای ئەوە دێت کە ئەو کەسە زەمینەیەکی شیاوی هەیە بۆ تووشبوون بە شەکرە، یان شێرپەنجەی سییەکان، یان ئالوودە ببێت بە مادە کحولییەکانەوە، بەڵام بەهیچ جۆرێک بەواتای ئەوە نایەت کەسەکە ناچاری ئالوودەبوونی بکات.
- هۆڕمۆنەکانی کۆئەندامی زاوزێ، رۆڵی باڵایان هەیە لە دیاریکردنی ئارەزووی سێکسی، نەوەک ئاڕاستەی سێکسی، بەشێوازێکی دیکە؛ هۆڕمۆنەکانی کۆئەندامی زاوزێ ئارەزووە سێکسییەکان ئاڕاستە دەکەن نەوەکو ئاڕاستەی سێکسی، واتە سەلامەتی و رێکیی ئارەزووی سێکسی پەیوەستە بە رێکیی مانەوەی هۆڕمۆنەکان بەبڕێکی پێویست، بەڵام ئاراستەی سێکسی نەبەستراوەتەوە بە بڕی هۆڕمۆنەکان.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ