رووداو - تەندروستی
لێکۆڵینەوەیەکی زانکۆی سەڵاحەدین دەردەخات، پیسبوونی ژینگە بە مادە پلاستیکییەکان و کانزا قورسەکان وایکردووە کە خاک و ئاوی هەرێمی کوردستان پڕبێت لەو مادانەی کە دەشێت بچنە نێو بەرهەمەکانی خۆراک و ئاوەوە و ببنەهۆی شێرپەنجە و چەندانی نەخۆشیی دیکە.
ئەمڕۆ سێشەممە 4-2-2025 د. عەبدوڵڵا حەمەد، پسپۆڕی ژینگە و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە بە رووداوی راگەیاند، توێژینەوەکەیان دەریخستووە ئاوی باران لەو شوێنانەی کە پاڵاوگەکانی لێوە نزیکە، کواڵێتییەکەی خراپتر بووە لە شوێنەکانی دیکە، بەجۆرێک کە دەیان مادەی ژەهراوی تێدابووە.
ئەو پسپۆڕەی ژینگە ئاشکرای دەکات، ئاوی خواردنەوە لە هەرێمی کوردستان لەژێر هەڕەشەدایە، چونکە تێکەڵەی مادە کانزاییە ژەهراوییەکانیان تێدا دۆزیوەتەوە، بەجۆرێک کە چڕی و خەستیی کانزا قورسەکان لە خاک و ئاو زیاترە لە ئاستی ئاسایی.
د. عەبدوڵڵا حەمەد گوتی، ئەو مادە کانزایی و پیسکەرانەی ئاو {ئاسن، مەگنسیۆم، قوڕقوشم، کۆباڵت، زیو، جیوە و کادمیۆم} ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاددەکەن بەجۆرێک کە هۆکارن بۆ تێکشکانی بۆماوە مادەکان و پەیدابوونی بازدان لە خانەکان، پاشانیش هەوکردنی بەردەوامیان لێ پەیدادەبێت و رێژەی هۆرمۆنەکان نائاسایی دەکەن.
ئەوان توێژینەوەیان لەسەر ئاوی دووکان کردووە و بۆیان دەرکەوتووە کە قوڕقوشم و کادمیۆم لە ساڵێکدا پێنج ئەوەندە لە ئاستی ئاسایی زیاتر بووە.
لە ماوەکانی رابردوو رووداو چەندان کاری لەسەر پیسبوونی هەوا کردووە و لەسەر زاری پسپۆڕان بە لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە، هەوای هەرێمی کوردستان و بەتایبەت شاری هەولێر مادە تەنۆلکە وردەکانی PM 2.5ـی تێدا زۆر زۆرە و لە دوو ئەوەندە تاوەکو 10 ئەوەندەی ئاستی ستانداری جیهانییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ