رووداو - تەندروستی
پزیشکانی پسپۆڕی شێرپەنجە هۆشداری دەدەن لە بەرزبوونەوەی ئامارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لەنێو منداڵاندا، هاوکات جەخت لەسەر گرنگیی هۆشیاریی تەندروستی و پشکنینی پێشوەختە دەکەنەوە.
ئەمڕۆ 4-2-2026 د. یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە بوڵتەنی تەندروستی رایگەیاند، "مەبەست لە بڵاوکردنەوەی ئامار زیادکردنی ئاستی هۆشیاریی هاونیشتمانییانە، چونکە ئامانجمانە زۆرترین تووشبووی شێرپەنجە لە قۆناخی سەرەتایی دەستنیشان بکرێن."
بەپێی ئامارەکان، شێرپەنجەی مەمک بەربڵاوترین جۆری شێرپەنجەیە لە هەرێمی کوردستان. د. یاد نەقشبەندی ئاماژەی بەوەشکرد، "رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لەنێو منداڵانیشدا بەرزبووەتەوە و تەنیا ساڵی رابردوو 285 حاڵەتی نوێ لە نەخۆشخانەی هیوا تۆمارکراون."
یەکێک لە ئاستەنگە گەورەکانی بەردەم سیستەمی تەندروستی، دابینکردنی دەرمانە. د. یاد دەڵێت، "کێشەی دەرمان نەبڕاوەیە، بەتایبەت لە دابینکردنی دەرمانە گرانبەهاکان کێشەمان هەیە." هەروەها روونیکردەوە کە "داهاتی سندووقی شێرپەنجە بۆ هەموو شارەکان وەکو یەک نییە و گرنگترین کار کە بکرێت، هەموارکردنەوەی یاسای سندووقی شێرپەنجەیە."
لەلایەکی دیکەوە، د. ژاڵە عومەر پسپۆری نەخۆشییەکانی خوێن، باس لە پێشکەوتنی چارەسەرییەکان لەنێوخۆدا دەکات و دەڵێت، "لە ساڵی 2016ـەوە دەستمان بە چاندنی مۆخ کردووە لە نەخۆشخانەی هیوا بە هاوکاریی تیمێکی ئیتاڵی."
د. ژاڵە عومەر جەخت دەکاتەوە "تێچووی نەشتەرگەریی چاندنی مۆخ لە دەرەوە نزیکەی 77 ملیۆن دینارە، بەڵام لە نەخۆشخانەی هیوا بێبەرامبەرە."
د. ژاڵە پەیامێکی هیوابەخشیشی هەیە و دەڵێت، "کەسێک کە چاندنی مۆخی بۆ دەکرێت، کۆتایی ژیانی نییە و دواتر دەتوانێت دەست بە ژیانی ئاسایی خۆی بکاتەوە."
هاوکات، د. بەمۆ نەقشبەندی بەڕێوەبەری سەنتەری ژیانەوە، هۆکارەکانی مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە دەخاتەڕوو و دەڵێت، "قەڵەوی یەکێکە لە هۆکارەکان."
د. بەمۆ نەقشبەندی جەخت لەسەر گرنگیی پشکنینی پێشوەختە دەکاتەوە و دەڵێت، "پشکنینی شێرپەنجە تەنیا بۆ خانمان نییە، بۆ نموونە 90%ـی ئەوانەی پشکنینی شێرپەنجەی سییەکان دەکەن لە قۆناخی سێ و چوارن کە چارەسەر قورستر دەبێت."
رێت."
سەبارەت بە خۆراکی تووشبووان، د. سەلمان جاف، پسپۆڕی خۆراک، رێنمایی دەدات و دەڵێت، "سەوزە و میوە گرنگترین خۆراکن و پێویستە خۆراکی تووشبووانی شێرپەنجە هاوسەنگ بێت."
د. سەلمان روونیکردەوە، "نابێت هیچ خۆراکێک لە تووشبووانی شێرپەنجە قەدەخە بکرێت، بۆ نموونە گۆشتی سوور سەرچاوەیەکی باشی پڕۆتینە، بەڵام نابێت لە هەفتەیەکدا لە دوو بۆ سێ جار زیاتر بخورێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ