هۆشداری لە پێگەیشتنی قارچکی ژەهراوی دەدرێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

دوێنێ هەینی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاشتیی فێرکاری لە سۆران بە رووداوی راگەیاند، خێزانێکی شەش کەسی لە سنووری ئیدارەی سۆران دوای خواردنی قارچک، ژەهراویبوون. (ئەمڕۆ نوێترین زانیارییان لەبارەوە ئاشکرا دەکرێت).
 
ئەمڕۆ شەممە 4-4-2026 د. بەڕەڤان سەباح، بەڕێوەبەری بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئاشتیی فێرکاری لە سۆران بە رووداوی راگەیاند، ئێستا هەموویان رەوانەی ماڵەوە کراون و چارەسەریان بۆ کرا. چەند نیشانەیەکی جیاکەرەوەشیان بۆ ژەهراویبوون بە قارچک هەبوو.
 
د. بەڕەڤان سەباح باسی نیشانەکان دەکات و دەڵێت: (ئاو لە دەم هاتن، هێواشبوونەوەی لێدانی دڵ، سکچوون، رشانەوە و ئارەقەکردنەوە) نیشانە سەرەکییەکانی ژەهراویبوون بە قارچک بوون و لەو کەسانەدا هەبوون کە دوای کاژێرێک لە خواردنی، دەرکەوتبوون.
 
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە گوتی، لە سنووری سۆران و باڵەکایەتی چەندین جۆری قارچک هەن کە بەشێکیان ژەهراوین و خواردنیان دەبێتە هۆی ژەهراویبوونی تووند و هەندێکجاریش گیانلەدەستدان.
 
ئەمەش بزانە و خۆت بپارێزە
 
بەگوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەمریکا، نیشانەکانی ژەهراویبوون بە قارچک لە 20 خولەک دوای خواردنی تاوەکو شەش کاژێر دەردەکەون، هەندێکیشی 36 کاژێریان پێویستە بۆ دەرکەوتنی نیشانەکان.
 
لە هەرێمی کوردستان بەشێک لە خەڵکی دەچن قارچک دەچننەوە، چونکە بەهۆی هەورە برووسکەو و شێدارییەوە قارچکەکان لەم وەرزەدا پێدەگەن، بەڵام ئەو کێشەیەی کە دەشێت دووچاری خەڵک ببێتەوە ناسینەی قارچکە ژەهراوییەکانە کە دەبیندرێت قارچکی ژەهراوی دەخۆن و دەشێت مەترسیی بۆ سەر تەندروستییان دروستببێت.
 
هاوڕاز عەلی، مامۆستا لە کۆلێژی کشتوکاڵی هەڵەبجە و ماستەر لە دروستکردن و دەستنیشانکردنی قارچک بە رووداوی گوتووە، لە هەرێمی کوردستان بەشێکی زۆری قارچکەکان سەلامەتن، بەڵام لە هەندێک ناوچە رێژەی جیاوازی قارچکی ژەهراوی هەن کە ناسینەوەیان بە زانستی نەبێت، ئەستەمە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە