توێژینەوەیەکی ئەمریکی دوو دەرمان بۆ چارەسەری هەوکردنی بۆری میز پێشنیازدەکات

05-11-2022
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

توێژەرانی زانکۆی روتگێرز لە ئەمریکا کاریگەری ئەرێنییانەی بەکارهێنانی دوو دەرمان رادەگەیێنن، کە هەوکردنی ئاڵۆزی بۆرییەکانی میز چارەسەردەکات.
 
توێژینەوەکە لەلایەن توێژەرانی زانکۆی روتگێرز لە ئەمریکا کراوە و لە رۆژنامەی دامەزراوەی پزیشکیی ئەمریکی (JAMA) بڵاوکراوەتەوە و دەریخستووە، بەکارهێنانی دژەبەکتریای سیفیپیم (Cefepime) لەگەڵ ئینمیتازۆبەکتام (enmetazobactam) توانایان هەیە هەوکردنە ئاڵۆزەکانی بۆری میز چارەسەربکەن.
 
لە توێژینەوەکە زیاتر لە هەزار نەخۆش لە وڵاتانی ئەوروپا، ئەمریکا و باشووری ئەفریقا بەشداربوون، بەسەر دوو گروپدا دابەشکران، گروپێک تێکەڵەی هەردوو دژەزیندەیی (سیفیپیم و ئینمیتازۆبەکتام)یان پێدەدرا و گروپەکەی دیکە دژەزیندەییەکانی دیکە، دەرکەوت تێکەڵە نوێیەکە 80٪ـی بەشداربووانی چارەسەرکرد، بەڵام دژەزیندەییەکانی دیکە 55٪ـی بەشداربووانی چارەسەرکرد.
 
کیس کای، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە و سەرۆکی بەشی بەرگرییزانی لە زانکۆی روتگێرز دەڵێت: ''بەکارهێنانی دژەزیندەیی سیفیپیم لەگەڵ ئینمیتازۆبەکتام بە بەراورد لەگەڵ گروپەکانی دیکەی دژەزیندەییەکان وەکو پەنسیلین و تازۆبەکتام بۆ نەمانی هەوکردنەکانی میزەڕۆ کاریگەری زیاترە.'' 
 
زۆرینەی هەوکردنە ئاڵۆزەکانی بۆری میز بەهۆی بەکتریا سەرسەختەکانەوە دروستدەبێت کە بەرگرییان بۆ زۆربەی دەرمانە دژەزیندەییەکان دروستکردووە، بەگوێرەی راپۆرتێکی نێوەندی کۆنترۆڵکردن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا ساڵانە زیاتر لە دوو ملیۆن و 800 هەزار کەس لە ئەمریکا تووشی میکرۆبە سەرسەختەکان دەبن کە بەرگرییان بۆ دەرمانە دژەزیندەییەکان پەیداکردووە، لەو ژمارەی تووشبووانەشدا زیاتر لە 35 هەزار کەس گیانیانلەدەستداوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە