رووداو - تەندروستی
بەرنامەی ئەم هەفتەیەی دکتۆر ئاراس لە سێ بڕگە پێکدێت و لە یەکێک لە بڕگەکان باسی ئەو نەخۆشییانەی نێو منداڵان دەکرێت کە لەهیچ کتێبێکی پزیشکیدا باسنەکراون و بۆ چارەسەرکردنیان پەنادەبرێتە بەر دەرمانە کوردەوارییەکان. پسپۆڕێکیش دەڵێت: "رەنگە دەرمانە کوردەوارییەکان منداڵ ژەهراوی بکەن". هەر لە بەرنامەکەدا پەنیری کوردی لەنێو ستۆدیۆ دروستدەکرێت و پسپۆڕێکی خۆراکیش دەڵێت: ''نابێت خانمانی دووگیان بیخۆن''، هۆکارەکەشی رووندەکاتەوە.
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی منداڵان لەبارەی نەخۆشییە ڤایرۆسییەکانەوە دەڵێت، هەندێکجار تووشبوون بە پەتا وەرزییەکان لەلایەن هاووڵاتییانەوە بە ''دەردەمانگە'' ناودەبرێ و دەرمانی کوردەوارییان بۆ بەکاردەهێندرێت، بەڵام چارەسەر نابن، چونکە پەتا ڤایرۆسییەکان پێویستیان بە کات هەیە و تاوەکو سووڕی خۆیان تەواو نەکەن، چارەسەرنابن.
دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان راستییەک لەبارەی دەرمانە کوردەوارییەکان ئاشکرادەکات و دەڵێت: "رەنگە هۆکار بن بۆ ژەهراویبوونی منداڵ، چونکە هەندێکیان وەکو ژەهر مامەڵە دەکەن و زیان بە جگەر و گورچیلەی منداڵەکە دەگەیێنن".
بە گوتەی دکتۆر پشدەر، لە بەرامبەر بەبۆنکەوتن، دەیان جۆر نەخۆشیی جیاواز هەن کە یەکێکیان هەوکردنی مێشکە و روونی دەکاتەوە، دەشێت نیشانەکانی بەبۆنکەوتن بەهۆی هەوکردنی ڤایرۆسییەوە بێت و پێویستە ئەو منداڵە ببرێتە لای پزیشکی پسپۆڕ نەوەکو بۆنبڕ.
دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا باسی مەڵاشووکەوتن دەکات و رایدەگەیێنێت، باشترین نیشانە بۆ زانینی وشکبوونەوەی جەستەی منداڵ مەڵاشووە، بەڵام نابێت بە دەرمانە کوردەوارییەکان چارەسەر بکرێت و پێویستە پزیشکی پسپۆڕ بیبینێت بۆ ئەوەی وشکبوونەوەکەی چارەسەربکات.
دکتۆر ئاراس لەبارەی باژەڵەوە لە پسپۆڕەکەی منداڵان دەپرسێت، ''زۆر گریانی منداڵی تەمەن دوو مانگ واتە باژەڵە؟'' پسپۆڕەکەش لە وەڵامدا دەڵێت، گریانی ئاسایی منداڵ رۆژانە لە دوو کاژێر و هەفتانە لە سێ رۆژ کەمترە، ئەگەر زیاتر بوو ئەوا دەرخەری ئەوەیە کە منداڵەکە تووشی گازەکانی گەدەبووە.
سەبارەت بە شیری دایک، دکتۆر پشدەر دەریدەخات، خۆراکی دایک کاریگەریی لەسەر پێکهاتەی شیرەکەی دەبێت و سەرئەنجام رەنگە ببێتەهۆی دروستبوونی گازەکانی گەدە لە منداڵ، هەروەها دەڵێت: ''دایک ئەو خۆراکانە نەخوات کە دەبێتەهۆی گازەکانی گەدەی منداڵ.''
لە کۆتایی قسەکانیدا دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا گوتی، بریندارکردنی سک و پشتی منداڵ کارێکی مەترسیدارە و مەرج نییە هەموو گریانێک پەیوەندی بە باژەڵەوە هەبێت، بەڵکو دەشێت بەهۆی گازەکانی گەدە یاخود چەند هۆکارێکی دیکە بێت.
لە بڕگەی دووەمدا گۆرانی، هەڵپەڕکێی کوردی و وەرزش لە ستۆدیۆ تێکەڵ بە یەکتر بوون، باس لە بەرهەمێکی کوردی دەکرێت کە بۆ وەرزشکردن تۆمارکراوە، گۆرانیبێژەکە روونی دەکاتەوە، بیرۆکەی گۆرانییەکە لەلایەن هاوڕێیەکی وەرزشڤانییەوە بووە و دەڵێت: ''میوزیکی گۆرانییەکە لەگەڵ ترپەکانی دڵ هاوتایە.''
لە بڕگەی سێیەمی بەرنامە باس لە پەنیری کوردی دەکرێت و چۆنیەتی دروستکردنی پەنیری کوردی رووندەکرێتەوە، هەروەها پسپۆڕێکی خۆراک سوود و پێکهاتە خۆراکییەکانی نێو پەنیر باسدەکات و دەڵێت: ''دەوڵەمەندە بە پڕۆتین، کانزاکان و کالسیۆم، هەروەها ئێسک پتەودەکات.''
بە گوتەی د. چیمەن، لە هەر 100 گرام پەنیر 16 گرام لە پڕۆتینی تێدایە و دەشڵێت: ''وەرزشڤانان لەنێو ژەمە خۆراکییەکانیاندا لەگەڵ گۆشت و مریشک بایەخ بە پەنیریش بدەن.''
''کێن ئەو کەسانەی نابێت پەنیر بخۆن''، د. چیمەن باسی خانمانی دووگیان دەکات و دەڵێت: ''خانمانی دووگیان نابێت بیخۆن، چونکە دەشێت پاکژنەبێت و خانمەکە تووشی بەکتریا ببێت کە زیانی بۆ کۆرپەلە هەیە.''
هەروەها پسپۆڕەکەی خۆراک ئەوەش ئاشکرادەکات، بەکارهێنانی خوێی زۆر بۆ پەنیری کوردی دەشێت کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستی دروستبکات و مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ زیادبکات، بۆیە ئەوانەی تووشبووی نەخۆشییەکانی دڵن یاخود چەورییەکانیان بەرزە پێویستە بە رێژەیەکی زۆر کەم و سنووردار پەنیر بیخۆن.
بۆ بینینی تەواوی بەرنامەکە کلیک لێرە بکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ