هەڵەیەک لەبارەی دۆخی سییەکان دوای وازهێنان لە جگەرەکێشان، راست دەکرێتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەکی زانکۆی کۆلێژی لەندەن دەریدەخات، هەڵەیە کە دەگوترێت، سییەکان دوای وازهێنان لە جگەرەکێشان ناتوانن خۆیان نوێ بکەنەوە.

توێژینەوەکە بە بەشداری زیاتر لە هەزار کەسی جگەرەکێش، کە بە ماوەی جیاواز وازیان لە جگەرەکێشان هێناوە کرا و د. شارلۆت دین، سەرۆکی گرووپی گەشەپێدان و نەخۆشییەکانی سییەکان لە "ئیمپریال کۆلێژی لەندەن" دەڵێت: کۆئەندامی هەناسە توانایەکی سرووشتیی بەرفراوانی هەیە بۆ چاککردنەوەی خۆی هەرکە واز لە جگەرەکێشان بهێندرێت''.
 
توێژینەوەکەی کە دین و تیمەکەی ئەنجامیان داوە، دەریخستووە کە سییەکان لە رووی بایۆلۆژییەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پیسکەرەکان و هەوکردنە بەکتریایی و ڤایرۆسییەکان پەرەیان سەندووە، ئەمەش میکانیزمێکی زیندووی چاککردنەوەی پێبەخشیون بۆ مسۆگەرکردنی مانەوەی مرۆڤ، کە بە لابردنی هۆکارە ژەهراوییەکان دەست بە چالاکبوونەوە دەکات بەتایبەت تووتن.
 
هاوکات هەندێک لە بەشداربووانی توێژینەوەکە رووبەڕووی زیانی شانەیی نەگەڕاوە بوونەتەوە کە ئەوەندە بە سەختی سییەکانیان تێکچووە بەهۆی تووتنەوە، ئیدی چاکبوونەوەیان ئەستەم بووە، تەنانەت دوای وازهێنانیش. 
 
پسپۆڕان دەڵێن، جگەرەکێشان لەوانەیە ببێتە هۆی بازدانی جیناتی و گۆڕانکاری لە شانەکاندا کە تەنانەت دوای وازهێنانیش هەر دەمێننەوە، ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆی خێراتر تێکچوونی فەرمانی سییەکان لەگەڵ چوونە تەمەن یان زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە گرێی شێرپەنجەیی.
 
چی روودەدات دوای وازهێنان لە جگەرە و نێرگەلە؟
 
دوای 20 خولک
* لێدانی دڵ رێک دەبێتەوە
 
دوای 8 کاژێر 
* ئاستی ئۆکسجین ئاسایی دەبێتەوە
 
دوای 48 کاژێر 
* سییەکان پاکدەبنەوە
* بۆنکردن و تامکردن ئاسیی دەبنەوە
 
دوای 72 کاژێر 
* هەناسەدان ئاسوودەتر دەبێت
 
دوای 2 بۆ 14 هەفتە
* سووڕی خوێن ئاسایی دەبێتەوە
* جووڵە و چالاکیی جەستەیی باشتر دەبن
 
دوای 3 بۆ 9 مانگ 
* کۆکە و هەناسەتەنگی نامێنن
* 10٪ چالاکیی سییەکان زیاددەکات
 
دوای یەک ساڵ
* ئەگەری تووشبوون بە جەڵتە کەم دەبێتەوە
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە