رووداو - تەندروستی
خێرازیادبوونەوەی کێش دوای وازهێنان لە دەرزیی دژەقەڵەوی کێشەی بۆ بەکارهێنەرانی دەرمانەکە دروستکردووە. دوو جۆری دەرزیی دژەقەڵەوی کە سەرەتا بۆ نەخۆشیی شەکرە بەکاردەهاتن، یارمەتیدەرن لە کێشدابەزاند، ئەمەش بە زیادبوونی هەستی تێربوون لەلایەن بەکارهێنەرانەوە.
توێژەرانی زانکۆ ئۆکسفۆردی ئەمریکی هەڵسەنگاندنیان بۆ 37 توێژینەوە لەسەر دەرمانەکە کردووە کە زیاتر لە نۆ هەزار کەس بەشدارییان تێدا کردووە و دەرکەوتووە، ئەوانەی دەرمانەکانی دژەقەڵەوی بەکاردەهێنن، دوای هەشت مانگ لە وازهێنانیان لە دەرمانەکان، کێشیان وەکو خۆی لێدێتەوە و کێشیان زیاد دەکات.
پسپۆڕان جەخت لەوە دەکەنەوە، زووتر کێش زیاد دەکاتەوە بە کێشدابەزاندن بە دەرمان، بەڵام ئەگەر وەرزش و رێژیمی خۆراکی تەندروست پەیڕەو بکرێن و لەڕێگەیەوە کێشداببەزێت، ئەوا درەنگتر کێش زیاد دەبێتەوە یاخود هەر زیاد نابێت.
د. سام وێست، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکەی زانکۆی ئۆکسفۆرد دەڵێت: ئەوانەی دەرزیی دژەقەڵەوی بەکاردەهێنن و 8 کیلۆگرام کێشیان دادەبەزێنن، دوای ساڵێک لە وازهێنانیان لە دەرمانەکە، 5 کیلۆگرام زیاد دەکەنەوە و لەماوەی نزیکەی دوو ساڵدا دەگەڕێنەوە کێشی ئاسایی خۆیان.
د. سوزان جێب، پسپۆڕی رێژیمی خۆراکی و چاودێریی تەندروستی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد دەڵێت: ئەوە شتێکی چاوەڕوانکاراوە، چونکە کێشدابەزاندن بە دەرمان کردەیەکی رووکەشە، لەبەر ئەوەی دوای وازهێنان لە دەرمانەکە، کێش زیاد دەبێتەوە.
ئەو پسپۆڕە روونی دەکاتەوە، ئەوانەی بە وەرزش و کۆنتڕۆڵکردنی خۆراک کێشیان کەم دەکەنەوە، بە زەحمەتتر کێشیان زیاد دەبێت، چونکە پەیڕەوێکی هەمیشەیی و شێوازی ژیانی تەندروستییانه پەیڕەو کردووە کە ئیدی لەسەری بەردەوام دەبن.
بەگوێرەی مایۆکلینیک، ئەو دەرمانانە چارەسەرێکی خێرا و جێگرەوە نین بۆ خۆراکی باش و وەرزش، پێویستیشە تەنیا لەژێر چاودێریی پزیشکدا بەکاربێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ