رووداو - تەندروستی
بۆ یەکەمجار لە جیهاندا دەرمانێکی تایبەت بە چارەسەرکردنی هەوکردنی بڕبڕەی پشت دۆزرایەوە و توێژەرانی رووسی دەڵێن، ئەوەی بەکاری دەهێنێت، ئازار و هەوکردنی بڕبڕەی پشتی کەم دەبێتەوە.
توێژەرانی پەیمانگەی توێژینەوەی VA Nasonovaـی مۆسکۆ دەرمانێکی نوێیان بە ناوی (Seniprutug) دروستکردووە و بە یەکەمین دەرمانی دادەنێن بۆ چارەسەرەکی هەوکردنی جومگەکانی بڕبڕەی پشت کە ناسراوە بە Ankylosing Spondylitis.
ئەلێکساندەر لیلا، بەڕێوەبەری پەیمانگەی توێژینەوەی VA Nasonovaـی مۆسکۆ دەڵێت: نەخۆشییەکە زۆرتر لەنێو گەنجاندا باوە لە تەمەنی 18 بۆ 25 ساڵیدا و لەگەڵیدا ئازارێکی درێژخایەن لە خوارەوەی پشت و جومگەکاندا هەیە، تەنانەت دەشێت چاو و ریخۆڵەکانیش ئازاریان پێبگات.
بەرهەمهێنەرانی دەرمانە نوێیەکە ئەوەیان تێبینی کردووە کە ئەوەی دەرمانەکەی پێدەدرێت، هەوکردن و ئازاری پشتی کەم دەبێتەوە. تائێستا 50 نەخۆش وەریان گرتووە و لە داهاتووشدا بڕیارە لەسەر 600 نەخۆشی دیکەش تاقیبکرێتەوە.
سێرگی پۆپیگین، تووشبووی نەخۆشیی هەوکردنی جومگەکانی بڕبڕەی پشتییەتی و دەرمانەکەی بەکارهێناوە، دەڵێت: تەنیا یەک مانگ دوای وەرگرتنی یەکەم ژەمی 'سینیپروتۆگ' کاریگەرییەکی باشی هەبوەو و ئازاری کەم بووەتەوە.
بەپێی مایۆکلینیک، تائێستا هۆکاری نەخۆشیی هەوکردنی جومگەکانی بڕبڕەی پشت (Ankylosing Spondylitis) دیار نییە، بەڵام بە ئەگەرێکی زۆرەوە بەهۆی ناڕێکیی سیستمی بەرگریی جەستەوە روودەدات، بەجۆرێک کە بەرگریی جەستە هێرش دەکاتە سەر خانە سەلامەتەکانی جەستە و لەنێویان دەبات. ئەم دەرمانە نوێیەش راستەوخۆ کار لە سیستمی بەرگریی جەستە دەکات و وایلێدەکات دابمرکێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ