تەندروستی
"ئەگەر خاولییەکەت بۆنی هات و لەکاتی دەستلێدانی زبر بوو، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە کاتی گۆڕینی هاتووە".
رووداو دیجیتاڵ
شۆردنی خاولیی خۆوشککردنەوە لەدوای سەرشۆردن یەكێکە لەو شتانەی بایەخی تەندروستیی بەرچاوی هەیە. پرسیارەکە ئەوەیە چی بکرێت بۆ ئەوەی مەترسیی کەڵەکەبوونی بەکتریای زیانبەخش لەسەر خاولییەکەت کەمبکەیتەوە؟
ستێفان بوکور لە ویلایەتی تێکساسی ئەمریکا دامەزرێنەری رێکخراوێکی پاککەرەوەیە و دەڵێت، ژمارەیەک فاکتەر هەن کە دەبێت لەبەرچاو بگیرێن، کاتێک دێتە سەر ئەوەی تا چەند خاولییەکەت دەشۆیت.
تا چەند خاولییەکەت بەکاردەهێنیت؟
بوکور دەڵێت، "چەند جارێک شۆردنی خاولییەکەت لەسەر ئەوە دەمێنێتەوە کە تا چەند بەکاری دەهێنیت؛ هەروەها رێژەی شێ لە سەرشۆردا چەندە و خووی کەسیت لەو بارەیەوە چۆنە."
ستێفان بوکور پێیوایە بەشێوەیەکی گشتی "دەتوانیت شەش بۆ حەوت جار خاولییەکەت بەکاربهێنیت پێش ئەوەی پێویست بکات بیشۆیت." ئەوەش واتە ئەگەر کەسێک رۆژانە خۆی بشوات و خاولی بەکاربهێنێت، دەتوانێت هەفتەی یەکجار خاولییەکەی بشوات بۆ ئەوەی بەکتریای لەسەر نەنیشێت.
یاسای سێ رۆژە بۆ خاولی
ئانا برەیکفیڵد، هاودامەزرێنەری کۆمپانیایەکی قوماشە لە ویلایەتی ئەلابامای ئەمریکا بە ناوی رێد لاند کەتن، دەڵێت "دەبێت ئەوانەی جل دەشۆن، یاسای سێ رۆژە بۆ شۆردنی خاولییەکانیان پەیڕەو بکەن". دەشڵێت، "ئێمە بە کڕیارەکانمان دەڵێین، هەموو سێ رۆژ جارێک خاولییەکانتان بشۆن"، بەڵام باس لەوەش دەکات کە خاولیی دەستی، واتە ئەوانەی وەکو دەستسڕ بەکاردەهێندرێن "ئەم یاسایە نایانگرێتەوە و دەبێت رۆژانە بشوردرێن بۆ ئەوەی هاووڵاتی خۆی لە بەکتریای زیانبەخش بەدوور بگرێت."
پەریما ئیجاز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای پیور پەریما کە کۆمپانیایەکی قوماشە لە ویلایەتی نیوجێرسیی ئەمریکا هاوڕایە لەگەڵ ئەوەی کە دەبێت هەر سێ رۆژ جارێک خاولی بشوردرێت چونکە "لەکاتی بەکارهێنانی خاولیدا، خانەی مردووی لەش دەگوازرێتەوە سەر خاولییەکە".
کەی پێویست دەکات خاولییەکەت بگۆڕیت؟
ئاندرێ گورسکی، هاودامەزرێنەری ئاژانسێکی پاککردنەوەیە بە ناوی هۆم کلین لە نیویۆرک و دەڵێت، ماوەی نێوان شۆردن و گۆڕینی خاولییەکەت بەگوێرەی کوالێتیی قوماشەکەی دەگۆڕێت؛ ئاماژە بەوە دەکات کە بەشێوەیەکی گشتی "ئەگەر خاولییەکەت بۆنی هات و لەکاتی دەستلێدانی زبر بوو، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە کاتی گۆڕینی هاتووە".
هاوکات، برەکفیڵد پێیوایە کە ئەگەر کوالێتیی خاولی باش بێت و چاودێری باشی بکرێت، "دەتوانێت چەند ساڵێک بمێنێتەوە".
چۆن خاولی بشوردرێت؟
ئەمەیان لەسەر کواڵێتیی خاولییەکە دەمێنێتەوە و رێنماییەکان زۆربەی جار لەسەر بەرهەمەکە نووسراون و پلەی گەرمی بەگوێرەی قوماشەکە لە کاتی شۆردنیدا لەبەرچاو دەگیرێت. بوکور پێشنیازی بەکارهێنانی دەرمانی تایبەتی دژە بەکتریا دەکات وەکو ئۆکسیکلین و کلۆرۆکس.
لای خۆیەوە، ئیجاز دەڵێت، ئەگەر بێتو خاولییەکەت قرێژی زۆری پێوەبێت، دەتوانیت فاسی جل شۆردن بەکاربێنیت کە یارمەتیدەرە لە لابردنی بەکتریا و سپیکردنەوەی خاولی، بەڵام دەڵێت ئەگەر خاولییەکەت رەنگی هەبێت، "فاس بژاردەی دروست نییە، چونکە وادەکات خاولییەکەت توانای وشککردنەوەی کەمبێتەوە و رەنگەکەی لەدەستبدات".
برەیکفیڵدیش پێیوایە کە نابێت خاولی لەگەڵ جلی دیکەدا بشوردرێت بەڵکو دەبێت تەنیا لەگەڵ خاولیی دیکە بشوردرێت چونکە "ئەوە دەبێتە هۆی دروستکردنی پەڵە لەسەر خاولییەکەت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ