رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمەڵەی تالاسیمیا لە هەولێر دەڵێت، ژمارەی تووشبووانی تالاسیمیا لە زیادبووندایە و دەبێت خێزانەکانی هەڵگری ئەو نەخۆشییە لە رێگەی توێژەری کۆمەڵایەتییەوە هۆشیار بکرێنەوە کە منداڵ نەخەنەوە.
ئیبراهیم ئەحمەد، سەرۆکی کۆمەڵەی تالاسیمیا لە هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "دەتوانین بڵێین کە لە هەرێمی کوردستاندا ساڵانە ژمارەی تووشبووانی تالاسیمیا لە زیادبووندایە و هۆکارەکەیش ئەوەیە کە لە هەریەکە لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک لە سەنتەرەکاندا هیچ توێژەرێکی کۆمەڵایەتی نییە کە ئەو خێزانانەی هەڵگری تالاسیمیان راوێژیان لەگەڵدا بکرێت کە دەبێت منداڵ نەخەنەوە. لە 2020 بۆ 2021 لە هەولێر 45 نەخۆشی تالاسیمیا زیاد بوون کە نیوەیان لەو خێزانانەن کە پێشتر منداڵی دیکەی تووشبووی تالاسیمیایان هەبووە."
تالاسیمیا نەخۆشییەکی درێژخایەنە، تێکچوونێکی بۆماوەیی خوێنە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی رێژەی خڕۆکەسوورەکانی خوێن لە جەستەی مرۆڤ، ئەم نەخۆشییە دەبێتە هۆی تووشبوون بە کەم خوێنی و شەکەتکردنی جەستە، نەخۆشییەکە چەند جۆرێکی هەیە. بەپێی خەمڵاندنەكانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ساڵانە سێ هەزار تووشبووی تالاسیمیا بەهۆی زۆربوونی ماددەی ئاسن لە جەستەیان دەمرن، لە هەرێمی کوردستانیش تووشبووانی تالاسیمیا رووبەڕووی چەندین کێشە دەبنەوە.
سەرۆکی کۆمەڵەی تالاسیمیا لە هەولێر گوتی: "دۆخی تووشبووانی تالاسیمیا لە هەولێر مامناوەندە، نە دەتوانین بڵێین خراپە نە باش. ئێستاکە لە هەولێر ئەو پێداویستییانەی بۆ تووشبووی تالاسیمیا پێویستن هەمانن و بەو جۆرە نین کە راوەستین و چاوەڕێی دابینکردنیان بکەین."
رۆژی شەممە 2021-05-08 لە شاری هەولێر لە گەڕەکی رووناکی بەردی بناخەی نەخۆشخانەیەکی سەردەمییانەی تایبەت بە نەخۆشانی تالاسیمیا دانرا.
ئیبراهیم ئەحمەد ئەوەشی گوت، "بڕیارە ئەو نەخۆشخانەیە لە ساڵێکدا تەواو ببێت کە هیوای زۆرێک لە نەخۆشانی تالاسیمیا بەدی دەهێنێت. هەروەها داوا دەکەین کە لە هەولێر سەنتەرێکی چاندنی مۆخ دروست بکرێت بۆ ئەوەی تالاسیمیا لە هەرێمی کوردستان بنبڕ بکرێت. "
بۆ زیندووڕاگرتنی ئەو کەسانەی بەم نەخۆشییە گیانیان لەدەستدەدەن و پاڵپشتییەک بۆ ئەوانەی لەگەڵ نەخۆشییەکە لە بەرەنگاربوونەوەی تونددان، رۆژی هەشتی ئایاری هەموو ساڵێک بۆ تووشبووانی نەخۆشیی تالاسیمیا دیاریکراوە، بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، 100 ملیۆن کەس هەڵگری خەسڵەتەکانی نەخۆشییەکەن و لە هەر 10 هەزار لەدایکبوونێکی نوێ 4.4 منداڵیان هەڵگری ئەم نەخۆشییەن.
بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی نەخۆشییەکە لە ناوچەکانی دەوروبەری دەریای سپی ناوەڕاست لەوانە ئیتاڵیا، تورکیا و یۆنان بڵاوە، لەگەڵ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانە لە ئێران و عێراق و سوریا و یەمەن و ئوردن و سعودییە و فەلەستین، لەگەڵ وڵاتانی باکوری ئەفریقیا لەنێویاندا میسر، تونس، جەزائیر، مەغریب، لەگەڵ ناوچەی کەنداو بەگشتی و رۆژهەڵاتی ئاسیا و چەند ناوچەیەکەی دیکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ