رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گورچیلە و میزەڕۆ رایدەگەیێنێت، دوای ئەوەی پیاوێک لە قەزای کەلار بە ئامێرێکی تیژ ئەندامی نێرینەی لێکرایەوە، لە نەشتەرگەرییەکی دەگمەن و قورسدا کە 8 کاژێری خایاند، ئەندامەکەیان بۆ لکاندووەتەوە و ئێستا دۆخی تەندروستیی جێگیرە.
ئەمڕۆ دووشەممە 8-12-2025 د. هەڵۆ ئورمزیار، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گورچیلە و میزەڕۆ بە رووداوی رایگەیاند، "دوای کاژێر 12ـی شەو نەخۆشەکەمان بردە هۆڵی نەشتەرگەری، ئەو جۆرە نەشتەرگەرییانە قورس و دەگمەنن." هەروەها گوتیشی کە تیمێکی نەشتەرگەریی جوانکاریشیان لەگەڵدا بووە و نەشتەرگەرییەکە 8 کاژێری خایاندووە.
ئەو پزیشکە پسپۆڕە ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەندامە نێرینەکەمان بە جەستەی پیاوەکەوە لکاندووەتەوە و ئێستا دۆخی تەندروستیی پیاوەکەی کەلار جێگیرە''.
د. هەڵۆ ئورمزیار رێنوێنییدا، لە کاتی رووداوی هاوشێوە و گوتی، "زۆر گرنگە بۆ حاڵەتی ئاوا فریاگوزاریی سەرەتایی بۆ بکرێت و خوێنبەربوونەکەی رابگیرێت، ئەندامەکەی بخرێتە نێو سەهۆڵ و بە زووترین کات بگەیێنرێتە سەنتەرێکی تایبەت یان نەخۆشخانە''.
دوێنێ یەکشەممە، لە قەزای کەلار، ژنێک ئەندامی نێرینەی هاوژینەکەی بڕی، بەڕێوبەری نەخۆشخانەی شەهید هەژار گوتی، "رووداوەکە بەهۆی کێشەی خێزانییەوە بووە."
بەپێی گوتەی سەرچاوەیەک لە پۆلیسی گەرمیان، ژنەکە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ