توێژینەوەیەکی ماوەدرێژ: پیاوان بەراورد بە خانمان، زووتر تووشی نەخۆشییەکانی دڵ دەبن

09-02-2026
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

رەنگە دوای خوێندنەوەی ئەم بابەتە، موچرکەیەک بە گیانتدا بێت و لەخۆت بپرسی کە ئیدی چی دەکەیت بۆ ئەوەی دڵت دوای 35 ساڵی بە تەندروست بمێنێتەوە؟ توێژینەوەیەکی شیکاریی ماوەدرێژ ئاشکرای دەکات، پیاوان لەدوای 35 ساڵیدا نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن لەنێویاندا دەستپێدەکات، بەڵام ئەمە لە خانماندا درەنگترە.
 
توێژەرانی کۆمەڵەی دڵ لە ئەمریکا 30 ساڵ بەدواداچوونیان بۆ هەزاران گەنج کردووە و بۆیان دەرکەوتووە، پیاوان حەوت بۆ 10 ساڵ زووتر دڵ و لوولەکانی خوێنیان پەکیان دەکەوێت بەراورد بە خانمان بەتایبەت لەدوای تەمەنی 35 ساڵیدا. بەمەش ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی جەڵتەی دڵ، جەڵتەی مێشک، سستبوونی دڵ و بەرزەپەستانی خوێن زیاد دەبن.

ئەلێکسا فریدمان، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی باکووری رۆژئاوا لە ئەمریکا دەڵێت: ئەو پیاوانەی لە ماڵباتەکانیان نەخۆشییەکانی دڵ هەیە، زووتر ئەگەری تووشبوونیان هەیە و پێویستە زوو زوو پشکنینی دڵ و لوولەکانی خوێنیان بکەن.
 
چەند رێنوێنییەک بۆ پاراستنی دڵ و لوولەکانی خوێن بۆ هەردوو رەگەز؛

- پەیڕەوکردنی رێژیمی خۆراکیی دەریای نێوەڕاست؛ جەخت لە میوە، سەوزە، دانەوێڵەی تەواو، پەلەوەر، گوێز، تۆو و چەوریی ناتێر دەکات.
 
- بایەخدان بە خۆراکە ریشاڵییەکان؛ بایەخ بە خواردنی پاقلەمەنییەکان و میوەکان بدرێت. 
 
- دوورکەوتنەوە لە خۆراکە ئامادەکراو و خێراکان؛ مادە پارێزەرەکانی نێو ئەو خۆراکانە لەگەڵ ئەو رۆنەی کە پێیان دروستدەکرێت، پەستانی خوێن بەرز دەکەنەوە و لوولەکانی خوێن زیاتر تەسک دەکەنەوە.
 
- وەرزش و چالاکیی جەستەیی هەبێت؛ هەفتانە لانیکەم 150 خولەک وەرزشی مامناوەند بکرێت.
 
کەواتە ئەگەر بە شێوەیەکی فیسیۆلۆژیانە پیاوان زووتر تووشی نەخۆشییەکانی دڵ ببن، دەکرێت بە پەیڕەوکردنی شێوازی ژیانی تەندروست رێگر ببن یاخود درەنگتر تووشی ببن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. شوان شیروان

پسپۆڕێکی نەشتەرگەریی مێشک و دەمار: هەوکردنی پەردەی مێشک دەگوازرێتەوە

پسپۆڕێکی نەشتەرگەریی مێشک و دەمار رایدەگەیێنێت، هەوکردنی پەردەی مێشک نەخۆشییەکی گوازراوەیە و زیاتر لە رێگەی ڤایرۆسەوە روودەدات، داواش دەکات هاونیشتمانیان ئاگاداری کەلوپەلە تایبەتییەکانیان بن و لەگەڵ کەسانی دیکەدا بەکاری نەهێنن.