رووداو دیجیتاڵ
توێژینەوەیەک دەڵێت، قاوە خواردنەوە لە تەمەنی گەنجیدا یارمەتیی ژنان دەدات لەکاتی پیربووندا تەندروستییان باش بێت.
توێژینەوەکە بە پشتبەستن بە داتای 30 ساڵی 47 هەزار و 513 ژنی ئەمریکا کراوە.
زانایان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی، خواردنەوەی قاوەی بە کافایین لە نێوەڕاستی تەمەندا وادەکات ژنان لەکاتی پیربووندا توانای جەستەیی و هزریی باشیان هەبێت.
زانایانی زانکۆی هارڤەردی ئەمریکی و تۆرنتۆی کەنەدی، لێکۆڵینەوەیان لەسەر داتای خواردن و خواردنەوەی ئەو ژنانە کردووە کە لە ساڵی 1984 تاوەکو 2016 تۆمار کراون.
زانایان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی، ئەگەر ژنان لە نێوەڕاستی تەمەنیاندا رۆژانە 2 تا 4 کووپ قاوە بخۆنەوە (315 میلیگرام کافایین)، ئەوا کاتێک تەمەنیان دەگاتە 70 ساڵ و بەرەو سەر، لە 11 نەخۆشی بەدوور دەبن، هەروەها توانای تێگەیشتن و یادگەیان بە بەهێزی دەمێنێتەوە.
لەنێو ئەو 47 هەزار و 513 ژنەدا، زانایان زانیویانە کە 3706یان لەکاتی پیربووندا تەندروست بوون، کە هەموویان رۆژانە تێکڕای سێ کووپ قاوەی بە کافایینیان خواردووەتەوە.
بەڵام ئەوانەی قاوەی دیکاف یاخود بێ کافایین یان چایان خواردووەتەوە، تەندروستییان بەهێز نەبووە.
هەروەها ئەوانەی کۆلایان خواردووەتەوە، واتە خواردنەوە گازییەکان بەگشتی، خواردنەوەکە کاریگەریی خراپی لەسەر تەندروستییان هەبووە.
بە کورتی، واتە قاوەی بە کافایین کاریگەریی باش، قاوەی بێ کافایین و چا بێ کاریگەری و خواردنەوە گازییەکان کاریگەریی خراپیان هەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ