رووداو - تەندروستی
پزیشکێک لەبارەی دۆخێکی تایبەتی دەروونییەوە لەبارەی بینەربوون و بەدواداچوونی هەواڵەکانی جەنگ دەڵێ، بەدواداچوونی بەردەوام و سات بە ساتی هەواڵەکانی جەنگ تەنیا وەکو ئاگاداربوون لە رووداوەکان نامێنێتەوە، بەڵکو دەبێتە هۆی گوشاری دەروونی و تووڕەبوون.
دکتۆر مەهدی محەممەد، پزیشکی پایەبڵندی نەخۆشییە دەروونییەکان رایدەگەیێنێت، لێکەوتە مەترسیدارەکانی ئالوودەبوون بە هەواڵەکانی جەنگەوە زۆرن و تەنانەت ئەگەر کەسەکە لە نێو جەرگەی شەڕیشدا نەبێت، مێشکی بە شێوەیەکی خۆکارانە سیستمی (بەرگری و هەڕەشە) چالاک دەکات، ئەمەش ئەمانەی لێدەکەوێتەوە؛
یەکەم: کاریگەرییە دەروونییەکان بەهۆی
* بەرزبوونەوەی ئاستی دڵەڕاوکێ.
* تراومای (ناڕاستەوخۆ) وەکو بینینی خەوی ناخۆش، تێکچوونی خەو و بێزاربوون لە بابەتەکانی پەیوەست بە بابەتەکەوە.
* گەورەکردنی رووداوەکان لە مێشک و بیرکردنەوەدا.
* زیادبوونی لێدانی دڵ، گرژبوونی ماسوولکەکان، سەرئێشەی تووند و تێکچوونی کۆئەندامی هەرس.
دووەم: کاریگەرییە دەمارییەکان
لەکاتی جەنگدا ناوچەی (ئەمیگدالا) لە مێشکدا (کە بەرپرسی هەستی ترسە) زیاتر چالاک دەبێت و بەمەش مێشک فێر دەبێت کە بەردەوام لە دۆخی (ترس و دڵەڕاوکێ)دا بمێنێتەوە.
سێیەم: گۆڕانکارییە ڕەفتارییەکان
توانای کارکردن و سەرنج کەم دەبێتەوە، دیاردەیەک دروستدەبێت کە پێی دەگوترێت (Doomscrolling)، واتە گەڕانی بێئامانج و ئالوودەبوون بە خوێندنەوەی هەواڵە ناخۆشەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کە وەکو جۆرە ئالوودەبوونێکی لێ دێت.
چوارەم: دروستبوونی مەترسیی دەروونی و جەستەیی لەسەر گرووپی هەستیار
گرووپە هەستیارەکان کە زیاتر بە هەواڵ و لێکەوتەکانی جەنگ کاریان تێدەکرێت بریتین لە (بەساڵاچووان، منداڵان، تووشبووانی نەخۆشیی دەروونی و ئەوانەشی هەستیاریی زۆریان بۆ رووداوە سیاسییەکان هەیە.
هەر بۆیە دکتۆر مەهدی ئەم رێنوێنییانە لەم کاتی جەنگەدا باس دەکات؛
1- دیاریکردنی کات: رۆژانە تەنیا جارێک و بۆماوەی (10-20 خولەک) سەیری هەواڵەکان بکرێت.
2- سەرچاوەی باوەڕپێکراو: تەنیا پشت بە یەک سەرچاوەی فەرمی ببەسترێت بۆ ئەوەی لە دەنگۆکان دوور بن.
3- پێش خەوتن: بە هیچ شێوەیەک پێش خەوتن سەیری هەواڵ و دیمەنی ناخۆش نەکرێت.
4- چالاکیی جێگرەوە: هاوسەنگکردنی کاتەکان بە وەرزش، خوێندنەوە، پیاسەکردن یان هەر چالاکییەکی ئارامکەرەوە.
5- ئاگادارکەرەوەکان بکوژێنەرەوە: کوژاندنەوەی نۆتیفیکەیشنی هەواڵە خێراکان لەسەر مۆبایل بۆ کەمکردنەوەی گوشار و دڵەڕاوکێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ