باشترین و خراپترین خۆراکەکان بۆ ژەمی پارشێو ئاشکرادەکرێن

10-03-2024
شکار رێبوار
شکار رێبوار
د. پروشە شوان - دکتۆر لونا خالید. وێنە: رووداو
د. پروشە شوان - دکتۆر لونا خالید. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی خۆراک دەڵێت: پێویستە خۆراکەکانی ژەمی پارشێو زۆرترین پڕۆتین و کاربۆهیدراتی تێدابێت و ئاشکرای دەکات، خۆراکەکانی ژەمی بەیانیان، باشترینن بۆ ژەمی پارشێو.
 
د. پروشە شوان، پزیشکی پسپۆڕی خۆراک رایدەگەیێنێت، لە ژەمی پارشێو خۆراکی دەوڵەمەند بە پۆتاسیۆم بخورێت و لەبارەی هێلکەشەوە دەڵێت، ''لە پارشێودا هێلکەی کوڵاو لەبری هێلکەی سوورەوەکراو بخورێت''.
 
ئەو پسپۆڕەی خۆراک ئاماژە بەو خۆراکانە دەکات کە هەستی تینوویێتی زیاددەکەن و دەڵێت: خۆراکە تیژ و سوێرەکان و خۆراکە چەورەکانیش هەستی تینوویێتی زیاددەکەن و بە باشی نازانێت کە لە پارشێودا بخورێن.
 
بە گوتەی پروشە شوان، خۆراکە خێرا و سوورەوەکراوەکان لە پارشێودا قەدەخەن بخورێن و لەبارەی شیرینییەکانیشەوە گوتی، ''لە پارشێودا بەکەمی بخورێن''.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا گوتی، لە هەموو ژەمێکی پارشێودا ماست بخورێت، بەڵام سەرتوێژی ماست هەستی تینوویێتی زیاددەکات.
 
ئەو پسپۆڕەی خۆراک لەبارەی برنجەوە دەڵێت: ''ئەوانەی لە پارشێودا برنج دەخۆن، زووتر برسیان دەبێت و باشترە لانیزۆر پێنج کەوچک برنج لە پارشێودا بخورێت''، هاوکات دەشڵێت، برنجی چەور لە پارشێودا نەخورێت.
 
پروشە شوان روونی دەکاتەوە، رەنگە ئاوخواردنەوەی زۆر تینوویێتیی رۆژووەوانان زیادبکات، بۆیە دوای ژەمی پارشێو 2 بۆ 3 پەرداخ ئاو بخورێتەوە و زیاتریش بایەخ بە سەوزەکان وەکو 'کاهوو، برۆکلی و خەیار' بدرێت.
 
تەنانەت لەبارەی ناوساجی و ناوەشکێنەوە گوتی، لە پارشێودا نەخورێن، بەڵکو نانی جۆ لەبری ناوساجی بخورێت.
 
لە کۆتاییدا رێنوێنیی رۆژووەوانان دەکات، لە ژەمی پارشێودا خۆراکە گازی و خێراکان نەخۆن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە