رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی خۆراک و سەلامەتی رایدەگەیێنێت، کارێکی زۆر هەڵەیە لە رۆژی دەنگداندا ژەمی بەیانی نەخورێت و بەبێ ژەمی بەیانی دەنگدەران بچنە بنکەکانی دەنگدان، هۆکارەکەشی ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 10-11-2025 فاتمە قادر، پسپۆڕی خۆراک بە رووداوی راگەیاند، لە بەیانیی رۆژی دەنگداندا خۆراکە دەوڵەمەند بە پڕۆتین و ریشاڵەکان بخورێن بۆ ئەوەی دەنگدەران بەرگەی نۆرەی دەنگدانیان بگرن و درەنگتر برسیان بێت.
دەقی وەڵامەکانی فاتمە قادر، پسپۆڕی خۆراک لەبارەی باشترین خۆراکەکانی رۆژی دەنگدان؛
رووداو: لە رۆژی دەنگداندا بەیانییەکەی باشترین خۆراک چییە کە بخورێت بۆ ئەوەی دەنگدەران وزەیەکی زۆریان هەبێت؟
فاتمە قادر: پێویستە خۆراکەکان دەوڵەمەند بن بە پڕۆتین و ریشاڵەکان کە هەرسکردنیان خاوە و کەسەکە بۆ کاتێکی زۆر بە تێری دەهێڵنەوە و شەکری خوێنیش زوو بەرز ناکەنەوە وەکو (شیرەمەنییەکان، بەروبوومە ئاژەڵییەکان، پاقلە، نانی دانەوێڵەی تەواو، ئاڤۆگادۆ، سێو، پەتاتەی کوڵاو و هەرمێ).
رووداو: ئەگەر لە رۆژی هەڵبژاردندا نانی بەیانی نەخورێت، چ لێکەوتەیەکی لەسەر جەستە دەبێت و دەشێت کەسەکە چی لێبێت؟
فاتمە قادر: بەهۆی نەخواردنی ژەمی بەیانی کەسەکە زووتر برسی دەبێت و ئارەزووی خواردنی خۆراکی ناتەندروستیشی زیاتر دەبێت، هەروەها هۆکار دەبێت بۆ (کەمبوونەوەی وزە، بێهێزی، سەرسووڕان، لاوازیی سەرنج، ناهاوسەنگیی هۆڕمۆنەکان و زووتووڕەبوون).
رووداو: باشترین ئەو خۆراکانە چین کە پێویستە بخورێن و پڕن لە پڕۆتین بۆ ئەوەی کەسەکە بەرگەی قەرەباڵخیی زۆر بگرێت بەتایبەت لە نۆرەی چاوەڕێکردنی دەنگداندا؟
فاتمە قادر: خۆراکە پڕۆتینییەکان یەکێکن لە سەرچاوە هەرە گرنگەکانی وزە بەتایبەت (گۆشتی مریشک، ماسی، پەنیر، ماست، هێلکەی کوڵاو، نیسک، نۆک، پاقلە، فاسۆلیا، لۆبیا، باوی، فستق، تۆوی کەتان و تۆوی شیا).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ