بەدواداچوونێکی رووداو: تووشبووانی شێرپەنجەی مەمک و سییەکان لە نەخۆشخانەی هیوا زۆرترینن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

بەدواداچوونێکی رووداو دەریدەخات، مانگی رابردوو لە نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی 53 تووشبووی نوێی شێرپەنجەی مەمک تۆمار کراون و ژمارەی تووشبووانی ئەو شێرپەنجەیە هەر لە پێشەنگ ماوەتەوە.
 
بەپێی ئەو ئامارانەی بە دێسکی تەندروستیی رووداو دراون، مانگی رابردوو 53 تووشبووی نوێی شێرپەنجەی مەمک تۆمار کراون دوای ئەویش شێرپەنجەی سییەکان دێت کە 22 تووشبووی نوێیە و زۆرینەشیان پیاون.
 
د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە رووداوی گوتووە، "پێویست ناکات خەڵک لە دڵەڕاوکێدا بێت و بترسێت، چونکە ئامارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە لە پارێزگای سلێمانی بەراورد بە وڵاتانی چواردەور کەمترە''.
 
ئامارەکانی پێنج شێرپەنجەی پێشەنگ لە مانگی رابردوو لە نەخۆشخانەی هیوا بەم شێوەیەیە؛
 
شێرپەنجەی مەمک 53 تووشبوو
شێرپەنجەی سییەکان 22 تووشبوو
شێرپەنجەی پڕۆستات 18 تووشبوو
شێرپەنجەی کۆڵۆن 13 تووشبوو
شێرپەنجەی گەدە 12 تووشبوو
 
د. سەباح هەورامی گوتی، "پێویستە ئەو لێکۆڵینەوە و توێژینەوانەی لەسەر شێرپەنجە دەکرێن، یارمەتیی بدرێن و بودجەیەکی تایبەتیان بۆ تەرخان بکرێت''.
 
رۆژی چوارشەممە 4-02-2026، د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا کە هاوکات بوو لەگەڵ رۆژی جیهانیی شێرپەنجە، ئامارەکانی مانگی یەکی ساڵی 2026ـی خستەڕوو و رایگەیاند: "ئەم مانگە 478 نەخۆشی نوێ تۆمارکراون کە 285ـیان شێرپەنجە بوون، بەشەکەی دیکەیان ناشێرپەنجەیی بوون لە نەخۆشییەکانی خوێن."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە