لە کینیا لەنێو نۆرینگەی گەڕۆک شووشتنی گورچیلە بۆ نەخۆشی گوندەکان دەکرێت

11-03-2025
شکار رێبوار
نێو نۆرینگە گەڕۆکەکە. وێنە: AP
نێو نۆرینگە گەڕۆکەکە. وێنە: AP
A+ A-
رووداو - تەندروستی

نۆرینگەیەکی گەڕۆک کە پڕە لە ئامێری پزیشكی و لەنێو لۆرییەک دانراون، شووشتنی گورچیلە بۆ نەخۆشانی ناوچە دوورە دەستەکانی کینیا دەکرێت.
 
نۆرینگەکە تایبەتە بە شووشتنی گورچیلە و پەککەوتووانی گورچیلە لە گوندەکان بەسەردەکاتەوە، بەهۆی کەمیی سەنتەری شووشتنی گورچیلە لە کینیا، وەزارەتی تەندروستی ناچاربووە، بە نۆرینگەی گەڕۆک نەخۆشەکان بەسەربکاتەوە. واتە حەکیم بۆلای دەردەدار دەچێت.
 
لەنێو بارهەڵگرەکە لە یەک کاتدا گورچیلە بۆ سێ نەخۆش دەشۆردرێت، لە هەفتەیەکیشدا 72 نەخۆش بەڕێکراون، نەخۆشانیش دڵخۆشن بەو کارە.
 
ئیلوود موانگی، نەخۆش دەڵێت: ''ئەو دووریەی کە بڕیومە کەمبووەتەوە بۆ سێ چارەک، ئێستا لە نزیکەوە گورچیلەکانم دەشۆم کە کەمتر لە 20 خولەک لە ماڵەکەمەوە دوورە، بۆیە پارەی خەرجکراوم بۆ گەڕاوەتەوە و پاشەکەوتی دەکەم، دوای شووشتنی گورچیلە هەستم بە سەرسووڕان دەکرد بەهۆی دووری ماڵەکەم، بەڵام ئێستا ئەوەشم نەماوە، چونکە تەواو دەبم و دەچمەوە ماڵەوە پشوو دەدەم''.
 
خزمەتگوزارییەکانی کلینیکەکە خۆڕاین، بەپێی پسپۆڕێکی دامەزراوەی گورچیلە لە کینیا، ئەم کارە وایکردووە هەم تێچووی نەخۆشەکان کەمببێتەوە، هەمیش گوشاری سەر نەخۆشخانەکان بۆیە دەڵێت: ''سوودەکانی ئەوەیە کە خزمەتگوزارییەکانی شووشتنی گورچیلە لە خەڵک نزیکدەکاتەوە لە نەخۆشەکان، بەمەش تێچووی گواستنەوەیان کەمدەبێتەوە و گوشاری سەر نەخۆشخانەکانیش کەمدەبێتەوە کە ئێستا زۆر بووە''.
 
لە کینیا زیاتر لە 5 هەزار و 500 کەس پێویستیان بە شووشتنی گورچیلەیە، ئەمەش بۆ ئەو کەسانە دەکرێت کە گورچیلەکانیان سستبوون و پێویستیان بە چاندن هەیە، بەڵام لەبەر نەبوونی بەخشەر بە ناچاری دەبێت هەفتانە گورچیلەیان بۆ بشۆردرێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە