رووداو - تەندروستی
تەوێژینەوەیەک لە بەریتانیا دەریدەخات بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد (AI) بۆ پشکنینی شێرپەنجەی مەمک، دەتوانێت دەستنیشانکردن بە رێژەی 10.4% زیاد بکات.
توێژینەوەکەی زانکۆی گلاسگۆ لە بەریتانیا لەسەر نزیکەی یازدە هەزار خانم لە سکۆتلەندا ئەنجامدراوە کە زیرەکیی دەستکردی "میا" (Mia) بەکارهێنراوە، دەرکەوتووە زیرەکیی دەستکرد نەک یارمەتیدەر بووە لە دۆزینەوەی ژمارەیەکی زیاتری گرێ شێرپەنجەییەکان، کە زۆربەیان لە جۆری مەترسیدار و گەشەکردوو بوون، بەڵکو توانیویەتی ماوەی ئاگادارکردنەوەی ئەو خانمانەی پێویستیان بە پشکنینی زیاترە لە 14 رۆژەوە بۆ تەنیا 3 رۆژ کەمبکاتەوە.
زانکۆ بەریتانییەکە ئاماژە بەوەدەکات بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت ژمارەی ئەو خانمانە کەمبکاتەوە کە بەبێ پێویست بۆ پشکنینی زیاتر بانگهێشت دەکرێنەوە، ئەمەش نەک دڵەڕاوکێی نەخۆشەکان کەمدەکاتەوە، بەڵکو کات و تێچووی سیستمی تەندروستیش پاشەکەوت دەکات.
د. کلاریس دی ڤریس سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی گلاسگۆ دەڵێت: "لە سیستمی ئێستای بەریتانیادا، بۆ کەمکردنەوەی هەڵەکان دوو پزیشکی پسپۆڕی تیشک سەیری هەموو وێنەیەکی مامۆگرام دەکەن سەرەڕای ئەمەش، نزیکەی 20%ی گرێ شێرپەنجەییەکان دەستنیشان ناکرێن."
د. کلاریس دی ڤریس روونیکردەوە: "لە هەر پێنج خانمێک کە بۆ پشکنینی زیاتر بانگهێشت دەکرێنەوە، تەنیا یەکێکیان تووشی شێرپەنجەی مەمک بووە، ئەمەش مانای وایە چوار خانمەکەی دیکە بەبێ پێویست رووبەڕووی پشکنینی زیاتر و دڵەڕاوکێیەکی زۆر بوونەتەوە، بۆیە دەرئەنجامەکانی ئێمە گرنگن چونکە رێگەیەکی خێراتر و وردترمان بۆ دەستنیشانکردنی شێرپەنجە و کەمکردنەوەی پشکنینە ناپێویستەکان دۆزیوەتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ