رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری گشتیی نەخۆشییە نەگوازراوە (درێژخایەن)ـەکانی ئێران رایدەگەیێنێت، لە جەنگ و قەیرانەکاندا لێکەوتەکانی سەر تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان بەتایبەتیش بەرزەپەستانی خوێن و شەکرە زیاد دەبن و لەم کاتەدا پێویستە تووشبووان رێنوێنیی تایبەت وەربگرن.
د. جەعفەر جەنداخی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی نەخۆشییە نەگوازراوەکان لە تەندروستیی ئێران دەڵێت: بەهۆی ناجێگیریی دۆخی وڵاتەوە ناڕێکیی خەوتن، جووڵە و خواردن هەموو کەسێکی گرتووەتەوە، کە ئامانەش هەمووی دەبنە هۆی کۆنتڕۆڵنەبوونی رێژەی شەکر و پەستانی خوێن.
د. جەعفەر جەنداخی رێنوێنیی تووشبووانی شەکرە دەکات و دەڵێ، پێویستە (سەوزەکان بخۆن، گۆشتی سوور کەم بکەنەوە، شەکر و نان و مەعکەرۆنی نەخۆن، لە شیرینییەکان و وزەبەخشەکان دوور بکەونەوە و گوشاری دەروونیشیان لەم کاتەدا کۆنتڕۆڵ بکەن).
پێشنیازیش دەکات، لەم کاتەی جەنگدا هەمیشە پابەند بن بە کۆنتڕۆڵکردنی دڵەڕاوکێ و گوشاری دەروونییانەوە و دەرمانەکانیان بە رێک و پێکی بخۆن، پاشانیش لە ئەگەری هەر نیشانەیەکی بەپەلە، سەردانی نزیکترین بنکەی فریاکەوتن بکەن.
ئەم رێنوێنییانەش بۆ تووشبووانی بەرزەپەستانی خوێن دەبن، تەنانەت باسی ئەنجامدانی راهێنانەکانی خۆخاوکردنەوەش دەکات بەتایبەت راهێنانی هەناسەدان؛ (5 چرکە هەناسە هەڵمژین بە لووت، 5 چرکە وەستانی هەناسەدان، 5 چرکە هەناسەدانەوە بە دەم).
ئەمانەش بزانە
لە بەرەبەیانیی رۆژی شەممە 28ـی شوبات، هێرشێکی بەرفراوان و هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە و تائێستا بەردەوامە و لەو ماوەیەدا چەندین جار پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش کراونەتە ئامانج.
لە بەرامبەردا، هێزە چەکدارەکانی ئێران و بەتایبەت سوپای پاسداران، بە چەندین مووشەک و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی و مانگی سووری ئێران، تاوەکو رۆژی یەکشەممە 8-3-2026 ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتووەتە 1255کەس و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە 12 هەزار کەس.
سەرۆکی مانگی سوور ئاشکرای کرد کە هێرشەکان ناوەندە تەندروستی و پەروەردەییەکانیشیان گرتووەتەوە، بەم شێوەیە:
32 ناوەندی تەندروستی و دەرمانخانە زیانیان بەرکەوتووە.
65 قوتابخانە و ناوەندی خوێندن بەشێوەی گشتی یان نیمچەیی زیانیان پێگەیشتووە.
28 ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری (ئەمبووڵانس و ئۆتۆمبێلی رزگارکردن) تێکشکاون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ