رووداو - تەندروستی
خانمێکی بەریتانی ماوەیەکی درێژ دەرزییەکی بەنێوبانگی رێگری لە دووگیانی بەکاردەهێنێت، بەڵام بێئاگا بووە لە کاریگەرییە لاوەکییەکانی و هەر ئەوەش کێشەی بۆ دروستدەکات؛ چوار گرێی پەردەی مێشکی بۆ دروستدەبێت.
کێری شارپڵس، خانمێکی 45 ساڵی بەریتانییە و دانیشتووی ئینگلاندە، 21 ساڵە دەرزیی رێگری لە منداڵبوون بەکاردەهێنێت، بەڵام بەم دواییانە تووشی ئازارێکی تووندی لای گوێی بووە. ئەو ئازارەکەی بە هەند وەرنەگرت و وایزانی نەخۆشییەکی ئاساییە و دوای چەند رۆژێک لێی چاک دەبێتەوە. بەڵام ئەوە بووە مەترسییەکی جیدی لەسەر ژیانی.
کێری شارپڵس ئازارەکەی گوازراوەتەوە بۆ هەردوو گوێ و بێزاری کردبوو، مانگی 8ـی ساڵی رابردوو پشکنینی خوێن و MRI بۆ نووسرا و ئەنجامەکەی ئەوە بوو کە چوار گرێ لە پەردەی مێشکیدا هەیە.
پزیشکان گوتیان کە گرێکانی شێرپەنجەیی نین، بەڵام قەبارەیان گەورەیە ناسراویشن بە مێنێنجیۆما.
ئەو دایکی دوو منداڵە، بەڵام هەر کاتێک ویستبێتی رێگری لە دووگیانبوونی بکات، دەرزیی Medroxyprogesteroneـی بەکارهێناوە، پزیشکانیش بۆیان دەرکەوتووە، یەکێک لە کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەرمانەکە؛ دروستبوونی گرێی پەردەی مێشکە، بەڵام ئەم خانمە نەیزانیوە و هەر بەردەوام بووە لە بەکارهێنانی دەرزییەکە.
لەکۆتاییدا (کێری) داوا لە خانمان دەکات، لەبارەی ئەو دەرزییەوە هۆشیار بن و لەژێر راوێژی پزیشکدا دەرمانەکانی رێگری لە دووگیانی بەکاربهێنن. دەڵێت ''بەڕاستی زۆر مەترسیدارە کە خانمێکی زۆر ئەو دەرزییە بەکاردەهێنن، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەکیان لەسەری هەبێت''.
توێژینەوەکان چی دەڵێن؟
بەپێی توێژینەوە جیهانییەکان، دەرزیی Medroxyprogesterone بە رێژەی 500٪ ئەگەری دروستبوونی گرێی مشێک زیاد دەکات کە نیشانە سەرەکییەکانی (لەدەستدانی بیستن، کوێربوون، سەرئێشەی بەردەوام و لەبیرچوونەوە)ـن.
دەرزیی Medroxyprogesterone چییە؟
بەگوێرەی دەزگای رێکخستنی دەرمانی بەریتانیا (MHRA) رایدەگەیێنێت، بەکارهێنانی درێژخایەنی دەرمانەکە و وەرگرتنی ژەمی زۆر ئەگەری دروستبوونی گرێی پەردەی مێشک زیاد دەکەن، بەڵام ئەگەر لەژێر راوێژی پزیشکدا بێت، ئەگەری ئەو کێشەیە دەگمەنە.
ئەم دەرمانە هۆڕمۆنی پڕۆجیسترۆنە و بۆ رێکخستنەوەی سووڕی مانگانە یاخود هەوکردنی نێوپۆشی منداڵدان یانیش گەورەبوونی نێوپۆشی منداڵدان بەکاردەهێندرێت. رێگری لە هێلکەدانان دەکات.
دەرزیی Medroxyprogesterone لەماوەی 30 ساڵی رابردوودا لە زیاتر لە 60 وڵاتدا پەسند کراوە، بژاردەیەکی نایاب بووە بۆ ملیۆنان نەخۆش، مانگانە نزیکەی 60 هەزار جار بەکارهێنراوە. بەگوێرەی UN؛ ئەو دەرزییە لەلایەن 2.2٪ـی خانمانی نێوان 15 بۆ 49 ساڵ لە بەریتانیا بەکارهێنراوە و لەلایەن 70 ملیۆن خانمیش لە سەرتاسەری جیهاندا بەکاردەهێندرێت.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ