خانمێک دوای منداڵبوون گیان لەدەستدەدات و دوای 8 ساڵ ماڵباتەکەی قەرەبوو دەکرێتەوە

11-05-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پێش هەشت ساڵ خانمێک بە دووانەیەک دووگیان دەبێت و لەکاتی منداڵبوونی، دۆخی تەندروستیی تێکدەچێت، دەرکەوتووە؛ ''بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە گیانی لەدەستداوە'' و ئەمساڵ ماڵباتەکەی قەرەبوو کرانەوە.
 
ماورا گالاگەر، ئەو خانمە 38 ساڵانەی لە ساڵی 2017 بە دووانەیەک دووگیانبوو و لەدوای منداڵبوون گیانی لەدەستدا، بەڵام ئێستا بە بڕیاری دادگە و دەستەی سوێندخواردنی دادگەی باڵا دەرکەوتووە، بەهۆی کەمتەرخەمیی پزیشکی سڕکردنی نەخۆشخانەکە، ماورا گیانی لەدەستداوە و ستانداردەکانی پێش نەشتەرگەری بۆی رەچاو نەکراوە.
 
بەهۆی ئەمەوە ماڵباتەکەی 22 ملیۆن دۆلاریان پێبەخشرا و بەگوتەی هاوژینەکەی، ماورا لەکاتی منداڵبووندا تووشی بەرزەپەستانی خوێن لەماوەی دووگیانی بووە.
 
بەپێی ناوەندی کلیڤلاندی پزیشکی، بەرزەپەستانی خوێنی دووگیانی دەکرێت خانمەکە تووشی 'جەڵتەی دڵ و مێشک' بکات و نیشانەکانیش بریتین لە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، بوونی پڕۆتین لە میز، سەرئێشە و تێکچوونی بینین.
 
ماکس دیدۆدۆ، هاوسەری ماورا دەڵێت: پزیشکەکان ئەو نیشانانەیان پشتگوێ خستووە و هەر ئەوەش بووەتەهۆی گیانلەدەستدانی.
 
منداڵەکانی دووانە بوون؛ کوڕ و کچێک بە ناوەکانی تۆماس و لایلا، ئێستا تەمەنیان 8 ساڵە.
 
بەپێی بەڵگەنامەکانی دادگە، ماورا گالاگەر دەرمانێکی هەڵەی پێدراوە لەکاتی نەشتەرگەرییەکە و ئەمەش زیاتر پەستانی خوێنی بەرز کردووەتەوە، رۆژی دوای نەشتەرگەریی منداڵبوونەکەی، گیانی لەدەستداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە