فریاکەوتنی تاران: 50 کارمەندمان بریندار بوون

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

دۆخی جەنگی ئێران- ئەمریکا و ئیسرائیل ئاڵۆزتر دەبێت و ژمارەی قوربانییان تادێت بەرزتر دەبێتەوە. محەممەد سادق موعتەمەدیان، پارێزگاری تاران رایدەگەیێنێت، 12 بنکەی تەندروستیی پارێزگاکە زیانیان بەرکەوتووە و وێران بوون.
 
محەممەدسادق موعتەمەدیان ئەمەی بە پێشێلکردنی پڕۆتۆکۆڵییە نێودەوڵەتییەکان ناوبرد کە هێرشکردنە سەر بنکە و ناوەندە تەندروستی و پزیشکییەکانی وڵاتەکەیە لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکا.
 
محەممەد تەوەکولی، سەرۆکی فریاکەوتنی پارێزگای تاران رایدەگەیێنێت، لەم جەنگدا تاوەکو ئێستا چوار هەزار و 300 بریندار لە نەخۆشخانەکاندا تۆمار کراون و 468ـیشیان کوژراون کە بە شەهید ناویان دەبات.
 
ئەوەش باس دەکات، 50 کارمەندی فریاکەوتنیان بریندار بوون و یەکێکیشیان لێ کوژراوە.
 
هەر لەبارەی دۆخی جەنگی ئێران- ئەمریکا و ئیسرائیل د. لەیلا قارەمانی، پڕۆفیسۆر لە زانکۆی شیراز بۆ زانستە پزیشکییەکان چەند رێنوێنییەک بۆ خەڵکی دەخاتەڕوو بەم شێوەیە؛
 
- دووربکەونەوە لە قسە و قسەڵۆک و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بە‌هێز بکەن.
 
- سنووردارکردنی هەواڵەکان و دەربڕینی هەستەکان بۆ ئەندامانی خێزان.
 
- راهێنانەکانی هەناسەدانی قووڵ بکرێن (5 خولەک هەناسەوەرگرتن بە لووت، 5 خولەک راگرتنی لەنێو سییەکان، 5 خولەک دانەوەی هەناسە بە دەم).
 
- پێدانی هاوکاری و هاوسۆزی بۆ بەهێزکردنی هەستی دڵنیایی و ئاسایش.
 
- خەوی پێویست هەبێت و خۆراکیش تەندروست بێت.
 
- ئامادەکاری بۆ حاڵەتی فریاکەوتن بە ئامادەکردنی بۆکسی فریاگوزاریی سەرەتایی.
 
ئەم ئامارانەش بزانە
 
لە بەرەبەیانیی رۆژی شەممە 28ـی شوبات، هێرشێکی بەرفراوان و هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە و تائێستا بەردەوامە و لەو ماوەیەدا چەندین جار پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش کراونەتە ئامانج.
 
لە بەرامبەردا، هێزە چەکدارەکانی ئێران و بەتایبەت سوپای پاسداران، بە چەندین مووشەک و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
 
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی و مانگی سووری ئێران، تاوەکو رۆژی یەکشەممە 8-3-2026 ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتووەتە 1255کەس و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە 12 هەزار کەس.
 
سەرۆکی مانگی سوور ئاشکرای کرد کە هێرشەکان ناوەندە تەندروستی و پەروەردەییەکانیشیان گرتووەتەوە، بەم شێوەیە:
 
32 ناوەندی تەندروستی و دەرمانخانە زیانیان بەرکەوتووە.
65 قوتابخانە و ناوەندی خوێندن بەشێوەی گشتی یان نیمچەیی زیانیان پێگەیشتووە.
28 ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری (ئەمبووڵانس و ئۆتۆمبێلی رزگارکردن) تێکشکاون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە