رووداو - تەندروستی
ئەمڕۆ لە هەولێر و سلێمانی پزیشکانی گشتیی دانەمەزراو گردبوونەوە و بە جلوبەرگی پزیشکییانەوە چوونە سەر شەقام، ئەوان داوادەکەن کە دابمەزرێن و چارەنووسییان یەکلایی بکرێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 13-2-2025 لەبەردەم وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان و بەردەم نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی پزیشکانی گشتیی دانەمەزراو گردبوونەوە، یەکێکیان بە رووداوی گوت، بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران ئێمەی بێئومێد کرد لە دامەزراندن.
یەکێکی دیکەشیان دەڵێت: دانەمەزراندنمان کێشەی بۆ پزیشکانی خولاویش دروستکردووە، چونکە ئەوانیش ناونیشانی زانستییان بەرزناکرێتەوە تاوەکو ئەم پزیشکانەی ئێستا دانەمەزرێن.
ئەو پزیشکانە بەگوتەی خۆیان حەوت مانگە بڕیاری راستەوخۆ دامەزراندنیان لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە دواکەوتووە، ئەوەش دەڵێن کە بڕیارێکی نوێ حکومەت ئەوانی بێگومان کردووە لە دامەزراندن.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، حەوت زانکۆ بەشی پزیشکیی گشتییان هەیە و ساڵی رابردوو، 778 پزیشکیان پێگەیاندووە کە تاوەکو ئێستا هیچیان دانەمەزراون.
لە هەرێمی کوردستان پزیشکانی گشتیی دەرچووی 2024 داوای دامەزراندن دەکەن و بەگوتەی خۆیان حەوت مانگە بڕیاری راستەوخۆ دامەزراندنیان لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە دواکەوتووە.
ژمارەی پزیشکانی گشتیی دەرچووی ساڵی 2024 بەپێی زانکۆکان بەم شێوەیەیە؛
- زانکۆی هەولێری پزیشكی؛ 273 پزیشک
- زانکۆی سلێمانی؛ 288 پزیشک
- زانکۆی دهۆک؛ 102 پزیشک
- زانکۆی زاخۆ؛ 21 پزیشک
- زانکۆی کۆیە؛ 43 پزیشک
- زانکۆی گەرمیان؛ 15 پزیشک
- زانکۆی کوردستان - هەولێر؛ 36 پزیشک
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ