رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری و رێککاری رایدەگەیێنێت، زیادەڕۆیی لە نەشتەرگەریی جوانکاری بکرێت، رەنگە بە گیانلەدەستدان کۆتایی بێت.
د. بەهرە فەیسەڵ بلباس، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری و رێککاری بە رووداوی راگەیاند، بەهۆی فراوانبوونی بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا بەشێکی زۆرینەی چارەخوازەکان دەیانەوێت وەکو فیلتەرەکانی ئەو سۆشیاڵ میدیایانە دەربکەون، لەکاتێکدا بیرناکەنەوە لەوەی ئەوە فیلتەرە و هیچ شکڵ و شێوەیەکی ئاسایی نییە وەکو ئەو فیلتەرە بێت.
ئەو پسپۆڕە هۆشداری دەدات، ئەگەر کێشدابەزاندن زۆر نەبێت و لەگەڵیشیدا وەرزش و رێژیمێکی خۆراکیی گونجاو پەیڕەو بکرێن، دەتواندرێت کەسەکە دوای کێشدابەزاندنی پێویستی بە رێککاری نەبێت بۆ شلبوونەوەی پێستی. بەڵام ئەگەر کێشی زۆر زیاد بوو و بە دەرمان یان نەشتەرگەریی بڕینی گەدە کێشی دابەزاند، ئەوا زۆرجار پێویست بەو نەشتەرگەریی رێککارییە دەکات.
وەڵامەکانی د. بەهرە فەیسەڵ بلباس، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری و رێککاری لەبارەی نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری و رێککاری؛
رووداو: زیادەڕۆیی لە نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری واتە چی و لە چ کاتێکدا ئەم زیادەڕۆییە زیانی دەبێت؟
د. بەهرە بلباس: زیادەڕۆیی لە نەشتەرگەریی جوانکاری واتە، نەخۆش داوای نەشتەرگەرییەک یاخود جوانکارییەک بکات کە پێویستیی پێی نییە و ئەگەریش بۆی بکرێت، لێکەوتەی زۆری لەسەر دروستدەکات. زیانەکانیش وەکو؛
- خوێنبەربوون
- ئازاردان و تێکچوونی خانەی ئەو شوێنەی نەشتەرگەرییەکەی لێدەکرێت
- هەوکردن
- بەجێمانی شوێنەواری دوای نەشتەرگەری
- گیانلەدەستدان (بەهۆی سڕکردنی گشتی)
هەر بۆیە باشترە لە نەشتەرگەرییەکانی جوانکاریدا پزیشک بڕیاری پێویستی و ناپێویستی جوانکارییەکە بدات، بەڵام لە بەشی رێککاریدا نەخۆش کێشەی هەیە و دەبێت بۆی چارەسەر بکرێت.
رووداو: ئێستا چارەخوازەکان چ نموونەیەک دەهێننەوە بۆ ئەوەی جوانکاری بکەن، دەیانەوێت وەکو وێنەی ئەکتەرەکانیان لێبێت یاخود مۆدێلەکان یاخود چۆن ئەو هەستەیان بۆ دروستدەبێت؟
د. بەهرە بلباس: بەهۆی فراوانبوونی بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا بەشێکی زۆرینەی چارەخوازەکان دەیانەوێت وەکو فیلتەرەکانی ئەو سۆشیاڵ میدیایانە دەربکەون، لەکاتێکدا بیرناکەنەوە لەوەی ئەوە فیلتەرە و هیچ شکڵ و شێوەیەکی ئاسایی نییە وەکو ئەو فیلتەرە بێت. هەروەها چارەخواز هەیە، دەیەوێت وەکو وێنەی هونەرمەندەکان جوانکاری بۆ بکرێت، بەڵام بیرناکاتەوە لەوەی، ئەو وێنەیە بە چەندین فیلتەر و دەستکاریکردندا رۆیشتووە و ئەو هونەرمەندە چەندین نەشتەرگەریی جوانکاری کردووە ئینجا وێنەی خۆی بڵاو کردووەتەوە.
رووداو: نەشتەرگەریی جوانکاری لەگەڵ رێککاری بۆ جەستە چ جیاوازییەکیان هەیە و کەس هەیە تەنیا رێککاری بکات و جوانکاری نەکات؟
د. بەهرە بلباس: هەندێکجار رێککاری پێویستە بەتایبەت لەو خانمانەی دوای منداڵبوون جەستەیان تێکدەچێت یاخود ئەوانەی زۆر قەڵەون و خۆیان لاواز دەکەن، پێستیان شۆڕ دەبێتەوە، بۆیە بە رێککاری دەتواندرێت ئەو شۆڕبوونەوەیە لاببرێت، ئەمەش بۆ هەموو کەسێک ناکرێت. بەڵام لەبارەی جوانکاریی جەستە نابێت وایلێبێت کە بۆ (کێشدابەزاندن، ناوقەدباریککردنەوە و دەستکاریکردنی سمت و سینگ) بکرێت، چونکە پێویستە پسپۆڕی جوانکارییەکە رێگە بەوە نەدات، بەڵکو رێنوێنییە جیهانییەکان جێبەجێبکات، دەنا شێوەی چارەخوازەکە لەبری ئەوەی جوان دەربکەوێت، ناشرین دەبێت.
رووداو: ئایا مەرجە هەر کەسێک کێشی دابەزاند، پێویستی بە نەشتەرگەریی جوانکاری بێت بۆ ئەوەی پێستی تووند ببێتەوە؟
د. بەهرە بلباس: کۆمەڵێک ستاندارد و یاسای جیهانی هەیە کە هەڵدەسەنگێندرێن، بەگوێرەی ئەو پێوەرە، دەتواندرێت بزاندرێت کە ئەگەر ئەو کەسە کێشی داببەزێنێت، پێویستی بە نەشتەرگەری رێککاری دەبێت یاخود نا. بەتایبەت ئەوانەی هاوکۆلکەی بارستەی جەستە (BMI)ـیان زۆرە. کەواتە لەخۆڕا بڕیار نادرێت و دەبێت پسپۆڕەکە هەڵسەنگاندنی تەواو بۆ چارەخوازەکە بکات.
رووداو: بۆچی کەسێک دوای وەرزش و کێشدابەزاندنی، پێستی شل دەبێتەوە؟ چۆن رێگری لەوە بکرێت کە پێستی شل نەبێتەوە؟
د. بەهرە بلباس: ئەگەر کێشدابەزاندن زۆر نەبێت و لەگەڵیشیدا وەرزش و رێژیمێکی خۆراکیی گونجاو پەیڕەو بکرێن، دەتواندرێت کەسەکە دوای کێشدابەزاندنی پێویستی بە رێککاری نەبێت بۆ شلبوونەوەی پێستی. بەڵام ئەگەر کێشی زۆر زیاد بوو و بە دەرمان یان نەشتەرگەریی بڕینی گەدە کێشی دابەزاند، ئەوا زۆرجار پێویست بەو نەشتەرگەریی رێککارییە دەکات بۆ ئەوەی پێستی شلبووەوە لاببرێت. ئەمەش چەندان لێکەوتەی خراپی دەبێت. هەر بۆیە باشترە هەمیشە پەنا بۆ وەرزش و رێژیمی خۆراک ببردرێت، تاوەکو بە شێوەیەکی سرووشتی جەستە لاواز ببێتەوە و پێویست بە نەشتەرگەری و رێککاری دوای خۆلاوازکردن نەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ