نوێترین زانیاری لەبارەی ئەو کەسەی ئەمڕۆ بە تەقینی بتڵی گاز سووتا: دۆخی تەندروستیی جێگیرە

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

ئەمڕۆ لە گەڕەکێکی شاری سلێمانی، بتڵێکی گازی ماڵان تەقییەوە. بەپێی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سووتاوی و نەشتەرگەریی جوانكاری لە سلێمانی، ئەو کەسە پیاوێکە و رێژەی سووتانەکەی 19٪ـە.
 
ئەمڕۆ شەممە 13-12-2025 د. محەممەد مەحموود، پسپۆڕێکی نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری و رێککاریی نەخۆشخانەکە بە رووداوی راگەیاند، زۆرجار تاوەکو سووتانی 50٪ کێشەی نابێت و ئەگەری چاکبوونەوە زۆرە، بەڵام بەمەرجێک کە دووکەڵ نەچووبێتە نێو سییەکانییەوە و زیان بە سییەکانی نەگەیشبێت.
 
د. محەممەد مەحموود دەڵێ، 19٪ رێژەیەکی کەم نییە، بەڵام ئەگەری چاکبوونەوەی ئەو پیاوە زۆرە و سەرەڕای چەند برینێکی، دۆخی تەندروستیی باشە.
 
زانیاریی سەلامەتی لەسەر گازی شلی ماڵان (LPG)
 
1-  بە سرووشت بێڕەنگ و بۆنە، تێکەڵەیەکە لە پرۆپان و بوتان بە پێکهاتەی جیاواز هەربۆیە مادەیەکی دیکەی بۆ زیاددەکرێت کە بۆنی ناخۆشە و مرۆڤ بۆنی دەکات.
 
2- لە پلەی گەرمی ئاساییدا وەک گاز دەمێنێتەوە، بۆیە لە بوتڵی غازی ماڵەکەتدا، بە شێوەیەکی زۆر پەستاندار دەهێڵدرێتەوە بۆ ئەوەی لە دۆخی شلی بێت، چونکە دۆخی شلی مامەڵەکردن و گواستنەوەی ئاسانە.
 
3- یەک دڵۆپ لە گازی شل 250 جار فراوان دەبێت کاتێک دەگۆڕێت بۆ گازی شلی هەڵم. بۆیە لە ماوەیەکی کورتدا دەتوانێت تەواوی چێشتخانەکەت پڕ بکات لە غاز.
 
چی بکرێت کاتێک بۆنی گاز دەکەین لەناو ماڵەکانمان؟
 
1- تووشی شڵەژان مەبە و لەسەرخۆ ئەو کردارانەی خوارەوە جێبەجێبکە و ئەگەر لێچوونەکە زۆر بوو کەسەکان بڕۆنە دەرەوەی خانووەکە.
 
2- بۆ هەواگۆڕکێ هەموو دەرگە و پەنجەرەکان بکەرەوە ، چونکە LPG قورسترە لە هەوا و دەشێت لە شوێنی لێچوونەکە جێگیربێت.
 
 3- سەرچاوەکانی ئاگر و ئاگرکردنەوە بکوژێندرێتەوە.
 
4-  ئەگەر بتڵی غازەکە لێی چوو، پەڕۆیەکی تەڕ بخەرە سەر بتڵەکە و دووری بخەرەوە، بەڵام ئەگەر سیستەمی غازت هەبوو قفڵەکە بگرەوە.
 
5- هیچ سویچێکی کارەبایی و  ئامێرێک لە چێشتخانەدا بەکارمەهێنە (ئەگەر لە کاردا بوو مەیکوژێنەوە و ئەگەر کوژابووەوە هەڵی مەکە). 
 
6- کارەبای خانووەکە  لە سەرچاوەی کارەبا بکوژێنەوە.
 
7- چەرخ و ئاگر بۆ دیاریکردنی لێچوون بەکارمەهێنە، دەبێت شامپۆ و زایی بەکاربهێندرێت.
 
8- لەکاتی بوونی سیستەمی غازی شل لە ماڵەکەت، زۆر گرنگە سیستەمی ئاگادارکردنەوەی لێچوونت هەبێت و کارەبای بەردەوامی هەبێت.
 
9- پێویستە کەسانی شارەزا کار لە سیستەمەکەدا بکەن. 
 
ئەم رێنوێنییانەی سەرەوە لەلایەن ئامانج عومر، کارمەندی تەندروستی و شارەزای سەلامەتی و ژینگەی کار نووسراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شا چارلز.

پاشای بەریتانیا: پشکنینی پێشوەختە ژیانی رزگار کردم

شا چارڵزی سێیەم پاشای بەریتانیا، رایگەیاند بەهۆی دەستنیشانکردنی زوو و پابەندبوون بە رێنوێنیی پزیشکەکانەوە، چارەسەرەکانی بۆ نەخۆشیی شێرپەنجە لە ساڵی نوێدا کەمدەکرێنەوە.