رووداو - تەندروستی
زانکۆی "تەکساس ئەی ئەند ئێم" رۆژی سێشەممە، 10-02-2026 رایگەیاند کە تەندروستیی باوک و خووەکانی بەرلە پیتاندنی هێلکە، رۆڵێکی یەکلاکەرەوە لە سەلامەتیی گەشەی کۆرپەلە و رێگری لە شێواویی زگماکی دەگێڕێت.
لەگەڵ ئەوەی هەمیشە تیشک دەخرێتە سەر تەندروستیی دایک لە کاتی دووگیانیدا، بەڵام توێژینەوەیەکی نوێ نیشانی دەدات کە خواردنەوەی کحول و بەکارهێنانی تەواوکەرە خۆراکییەکان (Antioxidants)لەلایەن باوکەوە، کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر نەوەکانیان دەبێت.
مایک گۆڵدینگ، پرۆفیسۆر لە بەشی فیسیۆلۆژیا لە زانکۆکە گوتی، "بۆ ماوەیەکی درێژ وەک کوێرە خاڵێک سەیری تەندروستیی باوکمان کردووە و وامانزانیوە تەنیا دایک بەرپرسە لە گرفتە زگماکییەکان، بەڵام ئێستا دەزانین کە خواردنەوەی کحول دەبێتە هۆی دروستبوونی فشاری ئۆکسێنەر (Oxidative Stress) لە جەستەی پیاودا".
بەپێی توێژینەوەکە، ئەم فشارە دەبێتە هۆی ئەوەی "بیرەوەرییەکی بایۆلۆژی" لەرێگەی سپێرمەوە بگوازرێتەوە بۆ منداڵەکە، کە رەنگە ببێتە هۆی شێواویی لە دەموچاو و تەنانەت پیربوونی خێرای منداڵەکە لە تەمەنی گەورەییدا.
لە هەمان کاتدا، گۆڵدینگ هۆشداری دەدات کە زیادەڕەوی لە بەکارهێنانی تەواکەرە خۆراکییەکان (Antioxidants) بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییەکانی کحول، رەنگە ئەنجامی خراپی هەبێت.
ئەو گوتی، "پێویستە هاوسەنگییەک لەنێوان فشاری ئۆکسێنەر و تەواکەرە خۆراکییەکاندا هەبێت؛ چونکە زیادەڕەوی لە تەواکەرەکان دەبێتە هۆی دروستبوونی فشاری کەمکەرەوە (Reductive Stress)، کە ئەویش بە هەمان شێوەی کحول زیان بە توانای پیتاندن و سەلامەتیی کۆرپەلە دەگەیێنێت".
پرۆفیسۆرەکە ئاماژەی بەوە کرد کە پێشتر وابیردەکرایەوە سپێرم تەنیا هەڵگری (DNA)ـیە، بەڵام ئێستا دەرکەوتووە کە کۆمەڵێک ئاماژەی بایۆلۆژیی ئاڵۆزی تێدایە کە داهاتووی تەندروستیی منداڵەکە و ئەگەری تووشبوونی بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان دیاری دەکەن.
گۆڵدینگ جەختی کردەوە کە "پێویستە لەو بیرۆکەیە تێپەڕین کە تەنیا تەندروستیی دایک هەموو شتێکە" و داوای کرد گرنگییەکی زیاتر بە فیسیۆلۆژیای زاوزێی پیاوان بدرێت تاوەکو نەوەی داهاتوو لە نەخۆشییەکان پارێزراو بن.
زانستی ژەهرناسیی پەرەسەندن لە چەند دەیەی رابردوودا زۆرینەی تاقیکردنەوەکانی لەسەر کاریگەریی دەرمان، جگەرەکێشان و کحول لەلایەن ژنانی دووگیانەوە چڕ کردبووەوە.
لە ساڵی 1973دا بۆ یەکەمجار نیشانەکانی "کۆنیشانەی کحولی کۆرپەلە" (FAS) دەستنیشانکران، کە تەنیا وەک کێشەیەکی پەیوەست بە دایک دەبینرا.
بەڵام توێژینەوە نوێیەکە رەهەندێکی دیکەى بۆ ئەم زانستە زیاد کردووە؛ ئێستا سەلمێنراوە کە بەرپرسیارێتیی سەلامەتیی منداڵەکە تەنیا لە ئەستۆی دایکدا نییە و باری تەندروستیی باوکیش بەرلە پیتاندن، بنەمایەکی سەرەکییە بۆ رێگری لە تێکچوونی گەشەی منداڵ و نەخۆشییە درێژخایەنەکان لە تەمەنی گەورەییدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ