رووداو - تەندروستی
تیمێکی پزیشکانی پسپۆڕی دڵی منداڵانی ئیتاڵی بە پشتیوانیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نەشتەرگەری و قەستەرە بۆ ژمارەیەک منداڵ لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدەن.
پڕۆفیسۆر د. فرانچیسکۆ سانتۆرۆ، پسپۆڕی نەشتەرگەریی دڵی منداڵان و سەرپەرشتیاری تیمە ئیتاڵییەکە رایگەیاند، "هەموو نەشتەرگەرییەکان بە سەرکەوتووی ئەنجام داوە و ماوەی چوار رۆژە لەگەڵ تیمی نێوخۆی هەرێمی کوردستان کاردەکەین، کارەکان زۆر باش و خێرا بەڕێوەدەچن."
پڕۆفیسۆر د. سانتۆرۆ ئاماژەی بەوەش کرد کە وەک یەک تیم لەگەڵ پزیشکانی نێوخۆ کاردەکەن و منداڵەکان دوای هەفتەیەک دەتوانن بگەڕێنەوە ماڵەوە، هەروەها گوتیشی کە مانگی پێنج یان شەش دووبارە دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
لەلایەن خۆیەوە، د. محەممەد مەحموود بەرپرسی راگەیاندنی رێکخراوی هێڤی گوتی، "نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پاڵپشتیی بەردەوامی رێکخراوی هێڤی دەکات." هەروەها پلانی داهاتووی رێکخراوەکەی خستەڕوو کە بریتییە لە دانانی سەنتەرێکی تایبەت بە چارەسەری نەخۆشییەکانی دڵی منداڵان و راهێنان بە کارمەندانی تەندروستیی نێوخۆیی بۆ ئەوەی زۆرترین منداڵ سوودمەند بن.
د. سەردار غازی پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی دڵی منداڵان لە هەرێمی کوردستان، سوپاسی تیمە ئیتاڵییەکەی کرد و گوتی، "ئێمە سوودێکی زۆرمان لە تیمە ئیتاڵییەکە بینیوە و لەڕێگەی رێکخراوی هێڤی لە ئیتاڵیا راهێنانمان پێ کراوە."
د. سەردار روونیکردەوە کە تیمە ئیتاڵییەکە ساڵانە 4 بۆ 5 جار سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و بوونیان سوودێکی گەورە بە کەرتی تەندروستی دەگەیێنێت.
بەیار رەشید باوکی یەکێک لە منداڵە سوودمەندبووەکان بە ناوی شاڤین، باسی لە دۆخی تەندروستیی کچەکەی کرد پێش نەشتەرگەری و گوتی، "شاهان تەندروستیی باش نەبوو و لەکاتی خەودا هەناسەتەنگیی هەبوو، بەڵام دوای نەشتەرگەرییەکە دۆخی تەندروستیی زۆر باش بووە."
بەیار رەشید سوپاسی رێکخراوی هێڤی و تیمە ئیتاڵییەکەی کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ