رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ رۆژی جیهانی شێرپەنجەی منداڵانە. بەگوێرەی دوایین ئاماری ئەنجوومەنی شێرپەنجەی عێراق، هەزار و 922 منداڵی تووشبووی شێرپەنجە لە عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
ئەمڕۆ شەممە، 15ـی شوباتی 2025، دکتۆر سورا یاسین، بەڕێوەبەری هۆبەی تۆمارکردنی شێرپەنجە لە ئەنجوومەنی شێرپەنجەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەگوێرەی ئامارەکانمان، لە ساڵی 2023دا کە دوایین ئاماری کۆکراوەی عێراقە، 43 هەزار و 62 تووشبووی شێرپەنجە لە عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، کە لەو ژمارەیە هەزار و 922 تووشبوویان منداڵی کۆرپە تاوەکو تەمەن 14 ساڵی بوون".
دکتۆر سورا یاسین دەڵێت: "لەو ژمارە تووشبووەی منداڵان، 448ـیان گیانیان لەدەستداوە".
وەک بەڕێوەبەری هۆبەی تۆمارکردنی شێرپەنجە لە ئەنجوومەنی شێرپەنجەی عێراق دەڵێت، ئەو پارێزگایانەی زۆرترین منداڵانی تووشبوویان بە شێرپەنجە تێدا تۆمارکراوە بریتین لە:
موسەننا 17.1٪
سلێمانی 14.7٪
هەولێر 13٪
بەغدا 12.8٪
کەمترین رێژەی تووشبوون لە پارێزگای بابل تۆمارکراوە کە 6.5٪ بووە.
بەگوێرەی ئەنجوومەنی شێرپەنجەی عێراق، دیارترین جۆرەکانی شێرپەنجە لە منداڵاندا شێرپەنجەی خوێنە، کە لەو ساڵەدا 551 منداڵ تووش بوون و لەو ژمارەیەش 140 کەسیان گیانیان لەدەستداوە. لە دوای ئەویش جۆرەکانی شێرپەنجەی مێشک و لیمفەگرێکان دێن.
بەڕێوەبەری هۆبەی تۆمارکردنی شێرپەنجە لە ئەنجوومەنی شێرپەنجەی عێراق دەڵێت: "منداڵانی کوڕ پشکی شێریان لە تووشبوون بە شێرپەنجە بەرکەوتووە، بە جۆرێک لە کۆی ئەو هەزار و 922 تووشبووە هەزار و 62ـیان منداڵی کوڕ بوون و 860ـیشیان منداڵی کچ بوون."
15ی شوباتی هەموو ساڵێک وەک رۆژی جیهانیی شێرپەنجەی منداڵان دیاریکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ