رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای دەکات، خوێندنەوە و نووسین 40٪ ئەگەری تووشبوون بە لەبیرچووکەوە کەم دەکاتەوە.
توێژینەوەکە لە زانکۆی رەش لە ئەمریکا لەسەر دوو هەزار کەس بۆماوەی هەشت ساڵ کرا کە زۆرینەیان بەساڵاچووان بوون و دەرکەوت، ئەوانەی لە گەنجیدا رۆژنامە و کتێبیان خوێندووەتەوە مێشکیان سەلامەتتر بووە لەوانەی لە گەنجیدا هیچ خوێندنەوە و نووسینێکیان نەبووە.
بەگوێرەی تەندروستیی جیهانی، پێشبینی دەکرێت تاوەکو 2050 ژمارەی تووشبووانی نەخۆشییەکانی لەبیرچوونەوە سێ ئەوەندەی ئێستا زیاد بکات و بگاتە 150 ملیۆن کەس.
ئەندریا زامیت، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆکە دەڵێت: لەبیرچوونەوە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن چاوەڕوان کراوە، بەڵام دەکرێت بە شێوازی ژیانی تەندروست و خوێندنەوە و بەکارهێنانی تەکنیکەکانی بەهێزکردنی مێشک، دوای بخرێت.
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ئەلزەهایمەر باوترین نەخۆشیی لەبیرچوونەوەیە کە خانەکانی مێشک دەپووکێنەوە و لاوازدەبن، بەمەش چەند نیشانەیەک بە کورتخایەن و درێژخایەنی دەردەکەون.
ئەو هۆکارانەی ئەگەری تووشبوون بە ئەڵزهایمەر کەم دەکەنەوە؛
- جووڵەی رۆژانە و چالاکیی جەستەیی
- خواردنی خۆراکی تەندروست
- دوورکەوتنەوە لە جگەرە، نێرگەلە و کحول
- ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختە
- کۆنتڕۆڵکردنی شەکر و پەستانی خوێن
- راهێنانی مێشک
- بەهێزکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی
نیشانەکانی نەخۆشیی ئەڵزهایمەر؛
- بیرچوونەوەی زانیاری و رووداوەکان
- تێکچوونی هاوسەنگیی رۆیشتن
- قورسی لە گێڕانەوەی رووداوەکان
- گۆڕانکاری لە رەفتارەکان
- دڵەڕاوکێ و خەمۆکی
- لاوازیی بڕیاردان
- پەیوەستنەبوون بە کات
- بەجێهێشتنی کەلوپەلەکان
- دانانی کەلوپەل لە شوێنی نەگونجاو
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ