رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون هۆشداری دەدات لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی هەوای پیس لەسەر خانمانی دووگیان و کۆرپەلەکانیان و رایدەگەیێنێت، بەرکەوتنی درێژخایەن لەگەڵ هەوای پیسدا دەکرێت ببێتە هۆی کێشە لە گەشەی مێشک و دەماری کۆرپەلەدا.
د. شەنە پشتیوان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون، بە رووداوی راگەیاند، "خانمانی دووگیان ئەگەر ماوەیەکی درێژ بەرکەوتنیان لەگەڵ هەوای پیس هەبێت، وادەکات تەنۆلکەی هەوا پیسەکە بچێتە نێو لەشی دایکەوە و بگوازرێتەوە بۆ کۆرپەلە."
بە گوتەی د. شەنە پشتیوان، ئەم تەنۆلکانە کاریگەریی لەسەر "گەشەی مێشک و دەماری کۆرپەلە" دادەنێن و دەکرێت ببنە هۆی ئەوەی "خەمۆکی و کەمتەرکیزی و دڵەڕاوکێی تێدا بەدیار بکەوێت."
ئەو پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون ئاماژەی بەوەشکرد، هەوای پیس یەکێکە لە هۆکارەکانی "خەمۆکیی دوای دووگیانی" لە دایکاندا.
د. شەنە پشتیوان رێنمایی خانمانی دووگیان دەکات کە خۆیان لە هەوای پیس بەدووربگرن و "لەو شوێنانەی جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپی لێدەکێشرێت، نزیک نەکەونەوە." هەروەها دەڵێت، "ئەگەر زانیان هەوای دەرەوە نالەبارە، پێویستە ماسک بەکاربهێنن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ