زانایان روونی دەکەنەوە کە بۆچی چەند خولەکێک پێش لێدانی زەنگەکەت خەبەرت دەبێتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رەنگە تۆش ئەمەت بەسەرهاتبێت: کاتژمێری مۆبایلەکەت بۆ 6:30 بەیانی داناوە، بەڵام چەند خولەکێک پێش ئەوەی زەنگەکە لێ بدات، چاوت دەکرێتەوە. هیچ دەنگێک نایەت، بەڵام جەستەت خۆی دەزانێت کاتەکە هاتووە.
 
ئەمە بە رێکەوت نییە، بەڵکو کاری "کاتژمێری بایۆلۆجی" جەستەتە، کە سیستمێکی زۆر وردە و کاتی خەوتن و هەستانت رێکدەخات.
 
ئەم کاتژمێرە چۆن کار دەکات؟
 
لە قووڵایی مێشکدا کۆمەڵێک خانە هەن کە وەک "کاتژمێری سەرەکی" جەستە کار دەکەن. ئەمانە چاودێری کات دەکەن و بەرپرسن لە رێکخستنی شتەکانی وەک خەوتن، پلەی گەرمی لەش، برسییەتی و هەرسکردن بەپێی سووڕی 24 کاژێری رۆژەکە.
 
ئەم سیستمە وادەکات هەندێک کەس حەزیان لەوە بێت بەیانی زوو لە خەو هەستن و هەندێکی دیکە شەوان درەنگ بخەون. ئەگەر رۆتینی خەوتن و خواردنت رێکخراو بێت، جەستەت فێر دەبێت پێشبینی کاتەکان بکات.
 
زەنگێکی سرووشتی 
 
ئەگەر رۆتینی رۆژانەت رێکخراو بێت، بەیانیان جەستەت تووشی دیاردەیەک دەبێت پێی دەوترێ "وەڵامدانەوەی هەستان بە کۆرتیزۆڵ".
 
بەم شێوەیە کار دەکات:
 
ئەو کەسانەی کاتی خەوتنیان جێگیرە، مێشکیان فێردەبێت کەی لە خەو هەڵدەستن. ماوەیەک پێش ئەوەی مۆبایلەکەت زەنگ لێبدات، جەستەت دەست دەکات بە ئامادەکاری:
 
1 - پلەی گەرمی لەش بەرز دەبێتەوە.
 
2- هۆرمۆنی خەو (میلاتۆنین) کەم دەبێتەوە.
 
3- هۆرمۆنی وزە (کۆرتیزۆڵ) زیاد دەکات.
 
بۆیە کاتێک کاتی زەنگەکە دێت، جەستەت بە تەواوی ئامادەیە بۆ بەئاگاهاتن.
 
ئایا ئەمە نیشانەیەکی باشە؟
 
• ئەگەر پێش زەنگەکە خەبەرت بووەوە و هەستت بە وزە و ئاسوودەیی کرد، مانای وایە کاتژمێری جەستەت زۆر باش و رێک کار دەکات.
 
• ئەگەر پێش زەنگەکە خەبەرت بووەوە، بەڵام هێشتا ماندوو و بێزار بوویت، رەنگە نیشانەی ئەوە بێت کە کواڵیتی خەوەکەت باش نییە یان دڵەڕاوکێ و گوشاری دەروونیت هەیە.
 
چۆن وا بکەین بە سرووشتی خەبەرمان ببێتەوە؟
 
لە سەردەمی کۆندا، مرۆڤەکان بەپێی خۆر و مانگ دەخەوتن، بەڵام ئێستا پشت بە زەنگی مۆبایل دەبەستین. بۆ ئەوەی جەستەت رابهێنیت بەبێ زەنگ و بە ئاسوودەیی خەبەری ببێتەوە، ئەم هەنگاوانە بنێ:
 
1- هەموو شەوێک 8 بۆ 9 کاژێر بخەوە (تەنانەت لە پشووەکانیشدا کاتەکە تێک مەدە).
 
2- پێش خەوتن دوور بکەوەرەوە لە قاوە، خواردنەوە کحوولییەکان و ژەمی قورس.
 
3- ژووری خەوتنەکەت تاریک بێت و سەیری مۆبایل مەکە پێش خەوتن.
 
4- بەیانیان تیشکی خۆر بەر جەستەت بکەوێ بۆ ئەوەی مێشکت تێبگات کە رۆژ بووەتەوە.
 
کاتێک بەبێ زەنگ خەبەرت دەبێتەوە، نیشانەی ئەوەیە جەستەت پشووی تەواوی وەرگرتووە و تەندروستە.
 
ئەم توێژینەوەیە لە پێگەی The Conversationی ئەمریکی بڵاو کراوەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەرمان.

پسپۆڕێک: حەبی پەستانی خوێن هاوڕێی رۆژانەیە و نابێت لەبیربکرێت

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی هەناو رایدەگەیێنێت، حەبی پەستانی خوێن قەڵخانێکی پارێزەر لە دەوری دڵ و خوێنبەرەکانت بۆ ماوەی 24 کاژێر لە رۆژێکدا دروست دەکات. بۆ ئەوەی ئەم قەڵخانە بەهێز و کاریگەر بمێنێتەوە، دەبێت بە بەردەوامی دەرمانەکە بخورێت.