رووداو - تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بە فەرمی باری لەناکاو و نائاسایی لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ لە ئەفریقا راگەیاند، چونکە بە تووندی ڤایرۆسی ئیبۆلای تێدا بڵاو بووەتەوە.
بەپێی WHO، لە پارێزگای ئیتوریی رۆژهەڵاتی کۆنگۆ نزیکەی 240 تووشبوو و 80 حاڵەتی گیانلەدەستدانی گومانلێکراو بە ڤایرۆسەکە تۆمار کراون. تاوەکو ئێستاش هەشت تووشبووی ڤایرۆسەکە بە فەرمی پشتڕاست کراونەتەوە.
وڵاتانی هاوسنووری کۆنگۆ ئەمە بە مەترسیی جیدی دادەنێن، بەهۆی گواستنەوە و تێکەڵاویی بازرگانییەوە. د. جان کاسیا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوەکە دەڵێت: جووڵەی بازرگانیی لەنێوان دانیشتووانی کۆنگۆ و وڵاتانی دراوسێی، پێویستی بە هاوئاهەنگی و کۆنتڕۆڵی بەهێز هەیە بۆ ئەوەی رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بکرێت.
ئیبۆلا چییە؟
ئەمە ڤایرۆسێکی کوشندە و مەترسیدارە کە تائێستا ڤایرۆسەکە هیچ دەرمان و ڤاکسینێکی نییە، رێژەی کوشندەییەکەی نزیکەی 50٪ـە لەکاتێکدا رێژەی کوشندەیی کۆرۆنا 15٪ و کەمتریش بوو.
لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا، نزیکەی 15 هەزار کەس لە وڵاتانی ئەفریقا بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە. کوشندەترین بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ لەنێوان ساڵانی 2018 و 2020 بوو، کە تێیدا نزیکەی دوو هەزار و 300 کەس گیانیان لەدەستدا. تەنانەت ساڵی رابردووش 45 کەس هەر بەهۆی ئەو ڤایرۆسەکە لە ئەفریقا گیانیان لەدەستدا.
نیشانەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی ئیبۆلا
- تا و بێهێزی
- ئازاری ماسوولکەکان
- سەرئێشە
- سکچوون
- رشانەوە
- لیکی سەر پێست
- خوێنبەربوون
- شەکەتی و نەمانی ئارەزووی خواردن
چۆن ئیبۆلا دەگوازرێتەوە؟
- بەرکەوتنی راستەوخۆ بە خوێن، میز، بەڵغەم و رشانەوەی کەسی تووشبوو
- تێکەڵاوبوون و مانەوە لەو شوێنانەی گیانداری کێوی لێیە بەتایبەت شەمشەمەکوێرە
- گەشتکردن بۆ ئەو شوێنانەی ڤایرۆسەکەی تێدا بڵاوە
- سێکس لەگەڵ کەسی تووشبوودا
- دایکی تووشبوو بۆ منداڵەکەی لەڕێگەی شیرپێدان
- بەرکەوتن بە کەلوپەلی پیسبووی تاقیگە بە خوێن و پاشماوەی کەسی تووشبوو
ساموێل رۆجەر کامبا، وەزیری تەندروستیی کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ دەڵێت: "ئەو جۆرە ئیبۆلا کە بڵاو بووەتەوە بە ناوی بونديبوگيۆیە و هیچ ڤاکسینێک و هیچ چارەسەرێکی تایبەتی نییە، تەنانەت رێژەی کوشندەییشی دەگاتە سەروو 50٪."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ