توێژینەوەیەک: کحول بەرپرسە لە 62 جۆر تێکچوونی تەندروستی، بەڵام دەکرێت رێگرییان لێبکرێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
لونا خالید
A+ A-
رووداو - تەندروستی

بەپێی داتا پزیشکییەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) و توێژەرانی پەیمانگەی لێکۆڵینەوە لە سیاسەتی تەندروستی دەروونی لە تۆرۆنتۆ، کحول بەرپرسە لە 62 جۆر تێکچوونی تەندروستی وەک نەخۆشییەکانی دڵ، سستیی جگەر، هەوکردنی پەنکریاس و برینی گەدە، جگە لەوەی رۆڵی سەرەکی هەیە لە سەرهەڵدانی 30 نەخۆشی دیکەی وەک شێرپەنجەی مەمک و سستیی مێشک. 
 
دکتۆر ئاندریۆ فریمان، بەڕێوەبەری خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی دڵ لە سەنتەری نیشتمانی (National Jewish Health) لە دێنڤەری ئەمریکا، دەڵێت؛ بەشێکی زۆری ئەم زیانە پزیشکییانە توانای پێچەوانەبوونەوەیان هەیە ئەگەر لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا بڕیاری وازهێنانی تەواوەتی بدرێت. 
 
دکتۆر ئاندریۆ ئاماژە بەوەدەکات، کە کحول ماددەیەکی ژەهراوییە و کار دەکاتە سەر سیستمی بەرگری؛ تەنیا 20 خولەک دوای وەرگرتنی، توانای خڕۆکە سپییەکانی خوێن بۆ بەرگری دژی ڤایرۆس و بەکتریاکان پەک دەخات، هەروەها یەک جار خواردنەوەی بڕێکی زۆر دەبێتە هۆی پەککەوتنی بەرگری بۆ ماوەی 24 کاتژمێر، بەڵام بەپێی داتاکان، جەستە دەتوانێت لە ماوەی چەند رۆژێک بۆ هەفتەیەک دوای وازهێنان، دەست بە چاککردنەوەی سیستمی بەرگری بکاتەوە.
 
هەروەها سینکلێر کار، لێکۆڵەر لە قوتابخانەی هارڤارد بۆ تەندروستی گشتی لە بۆستن، روونی دەکاتەوە، کە کحول شانەکانی مێشک بچووک دەکاتەوە و کار دەکاتە سەر یادەوەری، بەڵام وێنەگرتنی تیشکی دەریخستووە کە ئەم زیانانە لە ماوەی چەند هەفتەیەک بۆ چەند مانگێک دوای وازهێنان پێچەوانە دەبنەوە. 
 
سەبارەت بە مەترسیی شێرپەنجە، دکتۆر ڤیڤێک مۆرسی، پزیشکی گشتی پێشووی ئەمریکا، هۆشداری دەدات، کە کحول ساڵانە دەبێتە هۆی 20 هەزار گیانلەدەستدان بەهۆی شێرپەنجەوە و پێویستە 30 ساڵ بەسەر وازهێناندا تێپەرێت تاوەکو مەترسییەکە وەک کەسێکی ئاسایی لێ بێتەوە.
 
ئەوان رێنمایی دەدەن کە تەنانەت یەک خواردنەوە لە رۆژێکدا فشاری خوێن بەرز دەکاتەوە، بۆیە باشترین رێگە بۆ پاراستنی ئەندامەکانی جەستە و گەرانەوەی مێشک و جگەر بۆ باری سروشتی، وازهێنانی تەواوەتییە پێش ئەوەی بەتەواوی تەندروستی کەسەکە تێكبچێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە