چ کاتێک سێو بخورێت خەو خۆش دەکات و کێشیشی پێدادەبەزێت؟

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

چەند سەرچاوەیەکی تەندروستی و خۆراکزانیی جیهانی باس لە کاتەکانی خواردنی سێو دەکەن و ئاشکرای دەکەن، کاتی خواردنەکەی دەشێت سوودەکەی دیاریبکات.
 
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی پەیمانگەی تەندروستیی نیشتمانی NIH، ئەگەر سێو لە بەیانیاندا بخورێت، یارمەتیی باشترکردنی جووڵەی ریخۆڵەکان دەدات و قەبزی کەم دەکاتەوە، تەنانەت ئەگەر لەنێوان ژەمەکانیشدا بخورێت، کۆمەڵێک بەکتریای سوودبەخشی نێو ریخۆڵەکان دەپارێزێت کە یارمەتیی بەهێزیی بەرگریی جەستە و باشترکردنی هەرسکردن دەدەن.
 
بەپێی پزیشکیی دێرینی هیندیی ''ئایرۆڤیدا'' باشتر وایە کاژێرێک دوای ژەمی بەیانی و نیوەڕۆ سێو بخورێت، هەرچەندە بەڵگە زانستییەکان بۆ ئەمە سنووردارکراون. 
 
چۆن سێو بۆ دابەزاندنی کێش بخورێت؟
 
ئالیسۆن پرێبڵ، خۆراکناسێکی بەریتانییە و دەڵێت، ئەگەر بۆ مەبەستی کێشدابەزاندن سێو بخورێت، باشترە پێش خواردن بخورێت، چونکە هەستی تێربوون زیاد دەکات.
 
هەروەها دەشکرێت سێو وەکو جێگرەوەیەکی شەکر و شیرینییەکان بخورێت، بەمەش ئەگەری قەڵەوبوون کەم دەبێتەوە و مرۆڤ لە خواردنی شەکر دوور دەکەوێتەوە.
 
چۆن بە خواردنی سێو خەو خۆش ببێت؟
 
کۆمەڵەی خەو لە ئەمریکا روونی دەکاتەوە، پەیوەندیی نێوان سێو و خەوخۆشی راستەوخۆ نییە، بەڵام دەکرێت هەندێک مادە لەنێو سێودا خەو خۆش بکەن، بەتایبەت ئەگەر دوو کاژێر پێش خەوتن بخورێت نەک راستەخۆ پێش خەوتن.
 
ئەو کۆمەڵەیە زیاتر روونی دەکاتەوە کە سێو فرەکتۆزی تێدایە، ئەمەش گازەکانی گەدە دروستدەکات و ئەگەر پێش خەوتن بخورێت، ئەوا هەڵئاوسانی سک و گازی گەدە دروستدەکات.
 
سێوێک ئەمانەی تێدایە
 
94 کالۆری
25.1 گرام کاربۆهیدرات
4.37 ریشاڵ
18.9 شەکر
0.47 گرام پڕۆتین
0.3 گرام چەوری
8.37 میلیگرام ڤیتامین C
 
ئەمانەی خوارەوە پێویستە سێو نەخۆن
 
- ئەوانەی هەستیارییان بە سێو هەیە
- ئەوانەی گرژەکۆڵۆنیان هەیە
- تووشبووانی شەکرە (تەنیا شەربەتی سێو و سرکەی سێو) نەخۆنەوە
 
جیاوازیی نێوان پێکهاتەی سێوەکان لەسەر بنچینەی رەنگ
 
سێوی سەوز؛ شەکری کەمترە، کالۆری کەمە، بڕێکی زۆر لە ڤیتامینەکانی تێدایە و دژەهەوکردنێکی بەهێزە.
 
سێوی سوور؛ بڕێکی زۆر لە دژەهەوکردن و مادەی دژەشێرپەنجەیی تێدایە کە ناسراون بە دژەئۆکسێنەرەکان و ڤیتامین A لە سێوەکانی دیکە زۆرترە، بەڵام شیرینترە و کالۆریشی زیاترە لە سێوی سەوز.
 
سێوی زەرد؛ دەوڵەمەندە بە ڤیتامین C و بەڕێکی زۆریش لەو مادانەی تێدایە کە بۆ تەندروستیی چاو و بینایی پێویستن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە