رووداو - تەندروستی
لە بەریتانیا هۆشداری دەدرێتە ئەو منداڵانەی بە ڤاکسینی دژەسوورێژە نەکوتراون. دەیان منداڵ لە قوتابخانەکانی لەندەن بە تووندی تووشی سوورێژە بوون.
کریستینا مانیۆن، جێگری بەڕێوەبەری کوتان لە بەریتانیا دەڵێت: ئێمە ئێستا لەو قۆناخەداین کە خەڵک بێنە سەر ئەو باوەڕەی کە ئێستا لە قۆناخێکی جیدیداین بۆ نەخۆشییەکە، پێویستە خەڵک لێی هۆشیار بکرێنەوە.
بەگوێرەی دەزگای تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانیا، لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا نزیکەی چوار هەزار تووشبووی سوورێژە تۆمار کراون. ئەمەش بەرزترین ئاستە لەماوەی 10 ساڵی رابردووی وڵاتەکە.
هەڵمەتی جیدی بۆ کوتانی منداڵانی خوار 5 ساڵان بە ڤاکسینی دژەسوورێژە راگەیێنراوە.
ماوریسیۆ رۆدریگێز، پسپۆڕی پەتازانی دەڵێت: مەترسیی سەرەکیی تووشبوون بە نەخۆشییەکە نەکردنی کوتان یان نەبوونی خشتەی کوتانە دژی ڤایرۆسەکە، منداڵان پێویستە دوو ژەمی ڤاکسینی دژەسوورێژە وەربگرن، ئەگەر ئەمە نەکەن ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە.
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ئێستا سوورێژە لە 53 وڵاتدا بڵاو بووەتەوە، ساڵی رابردوو لە ئەورووپا و ئاسیای نێوەڕاست ژمارەکە گەیشتووەتە 34 هەزار تووشبوو.
ساڵانەش نزیکەی 100 هەزار منداڵ بەهۆیەوە گیان لەدەستدەدەن کە زۆرینەیان ئەوانەن، ڤاکسینیان وەرنەگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ