لێکۆڵینەوەیەک: پیسبوونی هەوا زیانی راستەوخۆ بە مێشک دەگەیێنێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لێکۆڵینەوەیەکی فراوان کە نزیکەی 28 ملیۆن کەسی تەمەن سەروو 65 ساڵ لە ئەمریکا تێیدا بەشدار بوون، دەریدەخات پیسبوونی هەوا راستەوخۆ مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی ئەلزەهایمەر زیاد دەکات.
 
توێژەران گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی بەرکەوتنی درێژخایەن بە تەنۆلکە پیسکەرە زۆر بچووکەکان کە بە (PM2.5) ناسراون، پەیوەندییەکی بەهێزی بە تێکچوونی خانەکانی مێشک و تووشبوون بە ئەلزەهایمەرەوە هەیە، تەنانەت ئەگەر کەسەکە هیچ کێشەیەکی تەندروستیی دیکەی وەک جەڵتە یان بەرزیی گوشاری خوێنیشی نەبێت.
 
ئەم لێکۆڵینەوەیەی لە گۆڤاری (PLOS Medicine) بڵاوکراوەتەوە کە گۆڤارێکی زانستی جیهانییە و تێیدا داتای 27.8 ملیۆن ئەمریکی لەنێوان ساڵانی 2000 بۆ 2018 وەرگیراوە.
 
خاڵی سەرنجڕاکێشی توێژینەوەکە ئەوەیە کە دەڵێت، پیسبوونی هەوا تەنیا لە رێگەی نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەوە مەترسیی ئەلزەهایمەر زیاد ناکات، بەڵکو کاریگەرییەکەی "راستەوخۆیە" بۆ سەر مێشک.
 
توێژەران دەڵێن: "بەرکەوتنی درێژخایەن بە پیسبوونی هەوا، زیانی راستەوخۆ بە مێشک دەگەیێنێت، نەوەک تەنیا لە رێگەی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک جەڵتە، گوشاری خوێن یان خەمۆکی."
 
ئەوانەی جەڵتەی مێشک لێیداون مەترسییان زیاترە
 
لێکۆڵینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەو کەسانەی پێشتر تووشی جەڵتەی مێشک بوون، زیاتر رووبەڕووی کاریگەرییە خراپەکانی پیسبوونی هەوا دەبنەوە، چونکە مێشکیان بەهۆی جەڵتەکەوە زیانی بەرکەوتووە و بەرگەی ئەو تەنۆلکە ژەهراوییانە ناگرێ کە لە رێگەی خوێنەوە دەگەنە نێو مێشک.
 
ئاشلی بوش، پسپۆڕی تەندروستیی مێشک دەڵێت: "پیسکەرەکانی هەوا مادەی کیمیایییان تێدایە کە دەبنەهۆی دروستبوونی گوشاری ئۆکسێنەر لە مێشکدا. ئەم تەنۆلکە زۆر بچووکانە دەتوانن لە خوێنەوە بپەڕنەوە بۆ نێو مێشک و زیان بە خانەکان بگەیێنن."
 
ئێستا زیاتر لە 57 ملیۆن کەس لە جیهاندا بە دەست زەهایمەرەوە دەناڵێنن. توێژەران باس لەوە دەکەن، باشترکردنی کواڵیتیی هەوا و کەمکردنەوەی دووکەڵی ئۆتۆمبێل، کارگەکان و سووتانی دارستانەکان، دەبێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ کەمکردنەوەی رێژەی تووشبوون بەم نەخۆشییە، بەتایبەت لەو کۆمەڵگەیانەی کە بەرەو پیری دەچن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە