رووداو - تەندروستی
کەمپەینی ئەنتیتۆباکۆ بەردەوامە و ئەمجارە تایبەتە بەوانەی دەیانەوێت لە مانگی رەمەزاندا واز لە جگەرە، نێگەلە و ڤەیپ بهێنن؛ تۆڕی میدیایی رووداو لە سەرەتای ئەمساڵەوە پڕۆژەی ئەنتیتۆباکۆی بۆ چوارەم ساڵ راگەیاند، ئێستا پڕۆژەکە فراوانتر بووە و ئەمجارە تایبەتە بە مانگی رەمەزان وەکو دەرفەتێکی دیکە بۆ وازهێنان لە تووتن.
د. رێباز هەمزە، سەرپەرشتیاری زانستیی کلینیکی ئەنتیتۆباکۆ دەڵێت، رۆژووگرتن رێگەیەکی نایابە بۆ وازهێنان لە جگەرەکێشان و ئەوانەی رۆژوودەگرن نیوەی قۆناخی وازهێنان لە جگەرەکێشانیان بڕیوە، هەر بۆیە پێویستە لە مانگی رەمەزاندا قۆناخ بە قۆناخ جگەرەکێشان کەمبکەنەوە.
د. رێباز روونی دەکاتەوە، رۆژووەوانان لە سەرەتای مانگی رەمەزانەوە کێشانی پاکەتێک جگەرە، بکەنە 10 جگەرە، پاشان لە هەفتەی دووەم بیکەنە 5 جگەرە و ئیدی بەرە بەرە لەگەڵ کۆتاییهاتنی رەمەزان، کەمتری بکەنەوە.
باسی یەکێک لە چارەسەرەکانی کرد بۆ ئەوانەی واز لە جگەرەکێشان دەهێنن و گوتی، بنێشتی نیکۆتین دەدەینە ئەوانەی واز لە جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپ دەهێنن، چونکە ئەو بنێشتە وادەکات ئالوودەبوون پێوەیانەوە نەمێنێت و کەسەکە لە مادە ژەهراوییەکان دوور بێت.
دەتوانیت لە پڕۆژەی ئەنتیتۆباکۆ بە وازهێنانت لە تووتن، ئۆتۆمبێلێکی کیلۆمەتر سفر ببەیتەوە؛
سەرەتا بەشداربوو خۆی تۆماردەکات و پشکنینی سەرەتایی بۆ دەکرێت و چارەسەریش وەردەگرێت، پاشان دوای مانگێک دەبیندرێتەوە، ئینجا پاش سێ مانگ دووبارە دەبیندرێتەوە، پاشانیش دوای سێ مانگی دیکە پشکنینی بۆ دەکرێت، واتە 7 مانگ، کەسی بەشداربوو کە وازی لە تووتن هێناوە چاودێری دەکرێت و ئەوانەی لە پشکنینەکان دەردەچن کە وازیان لە تووتن هێناوە، دەخرێنە نێو تیروپشک و لە 1-1-2026 براوەی خەڵاتەکە رادەگەیێندرێت.
بۆ ئەوەی بەشداریبکەیت پێویستە لەم فۆڕمە ناوت تۆماربکەیت، یاخود پەیوەندی بە 07513233353 یان 07713233353 بکەیت.
لەنێو کلینیکەکە ئەم خزمەتگوزارییانە پێشکێشدەکرێن؛
شیکردنەوەی مێژووی پزیشکیی کەسەکە
پشکنینی گشتیی کلینیکی
پشکنینی توانای سییەکان
پشکنینی گشتیی خوێن
تیشکی سینگ
پشکنینی رێژەی یەکەئۆکسیدی کاربۆن
پشکنینی راددەی کاریگەریی جگەرە، ڤەیپ و نێرگەلەکێشان لەسەر تەندروستیی کەسەکە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ