رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ لە ئەڵمانیا دەریدەخات، خواردنی شۆفان تەنانەت ئەگەر دوو رۆژ لەسەر یەکیش بێت، 10٪ کاریگەریی هەیە لەسەر کەمکردنەوەی چەوریی زیانبەخشی LDL کە ناسراوە بە چەوریی جەڵتە.
توێژەرانی زانکۆی بۆن لە ئەڵمانیا ئاشکرای دەکەن، ئەو بەشداربووانەی لە توێژینەوەکەدا تاقیکراونەتەوە رۆژانە 300 گرام شۆفانیان خواردووە و دەرکەوتووە؛ ئاستی چەوریی کۆلیستڕۆڵ و چەوریی LDLـیان کەمتر بووەتەوە بەراورد بەو گرووپەی کە شۆفان لە ژەمەکانیاندا نەبووە. ئەمە جگە لە سوودەکانی بۆ باشترکردنی تەندروستیی دڵ و لوولەکانی خوێن.
ماری کریستین، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: شۆفان دەوڵەمەندە بە پڕۆبایۆتیک و ریشاڵ، ئەمەش خۆراکێکی نایاب دەبێت بۆ تەندروستیی دڵ و لوولەکانی خوێن.
بەپێی کۆمەڵەی دڵ لە ئەمریکا، خۆشبەختانە 80٪ـی نەخۆشییەکانی دڵ دەتوانرێ کۆنتڕۆڵبکرێت بەم شێوەیە؛
- گۆڕینی شێوازی ژیانی تەندروست
- کەمکردنەوەی خۆراکی چەور و سوێر
- نەخواردنەوەی مادە کحولییەکان
- نەکێشانی جگەرە و نێرگەلە
- وەرزش و جووڵەی رۆژانە
- کەمکردنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی گوشاری دەروونی
- کۆنتڕۆڵکردنی شەکر، چەوری و پەستانی خوێن
- رێگریکردن لە قەڵەوی
- وەرگرتنی دەرمان لەکاتی هەبوونی نەخۆشییە درێژخایەنەکان
- ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختە لەکاتی بوونی نیشانەکانی سینگئێشە، هەناسەتەنگی، دڵەکوتی، سڕبوونی دەست و قاچەکان و ئەستووربوونی پێیەکان.
- بینینی پزیشکی پسپۆڕ و پزیشکانی هەناوی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ