رووداو - تەندروستی
نوێترین دەرکەوتنەکانی سەرۆکی فەرەنسا بە چاویلکەیەکی دژەخۆرەوە دەنگۆی زۆری میدیاکانی بەدوای خۆیدا هێنا و هۆکارەکەی ئاشکرا دەکرێت.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا پێش چەند رۆژێک لە وتارێکی بۆ هێزە چەکدارەکانی بەبێ چاویلکە گوتارێکی دا و دەرکەوت، چاوی راستی سوور بووە. ئەو بە گاڵتەوە باسی دۆخەکەی کردووە و دەڵێ، ''ئەوە وەکو چاوی پڵینگ وایە... تەنیا کێشەیەکی بچووکە و چارەسەر دەبێت''.
دوای بڵاوبوونەوەی چاوسووربوونەکەی ماکرۆن، کۆشکی ئێلیزا رایگەیاند، سەرۆکی فەرەنسا تووشی پچڕانی لوولەکانی خوێنی چاوی بووە و دۆخەکەی کاتی و بێ زیانە.
تەنانەت ئەمڕۆ سێشەممە 20-1-2026 ماکرۆن بە چاویلکەوە بەشداریی دانیشتن و گوتاری کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤۆس لە سویسرا کرد.
پچڕانی لوولەکانی خوێنی چاو چییە؟
بەگوێرەی ناوەندی کلیڤلاندی پزیشکی، ئەو دۆخە بەوە دەناسرێتەوە کە سپێنەی چاو سوور دەبێت و خوێنی تێدا کۆ دەبێتەوە، لەماوەی چەند رۆژێک تاوەکو 2 هەفتە خۆکارانە چاک دەبێتەوە، زۆرجار بەهۆی کۆکە، پژمین و زەبری تووندەوە دەشێت چاو وای لێبێت. هەندێکجاریش بەبێ هیچ هۆکارێک دروستدەبێت.
بێ ئازارە و هیچ کێشەیەک بۆ بینین دروست ناکات، بەڵام ئەو کەسانەی کە بەرزەپەستانی خوێن یان شەکرەیان هەیە و حەبی ئەسپرین و شلکەرەوەی خوێن بەکاردەهێنن، پێویستە بۆ پچڕانی لوولەکانی خوێنی چاو سەردانی پزیشک بکەن.
لەو دۆخەدا بەکارهێنانی چاویلکە و دەستنەدان لە چاو و نەخورانی پێویستە، پاشانیش ئەگەر تووشبووی بەرزەپەستانی خوێن یان شەکرەیان تووشی ببن، ئەوا دەبێت کۆنتڕۆڵی باشترین پەستانی خوێن و شەکرەکەیان بکەن.


کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ