رووداو - تەندروستی
ڤاکسینی نوێی دژەئەیدز بۆ یەکەمجار لە وڵاتانی ئەفریقا بەکاردەهێندرێ و هاووڵاتییەکی زیمبابۆی دەڵێ، بەهۆی ڤاکسینی دژەئەیدز تاوەکو شەش مانگی دیکە پارێزراوم و ترسم نەماوە. ئەم ڤاکسینە ناوی لیناکاپاڤێرە، ساڵانە دووجار لێدەدرێ و هەر جارێکیش شەش مانگ کاریگەریی دەبێت.
ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی HIV لەلایەن ئەمریکاوە بە خۆڕایی دەدرێتە 10 وڵاتی ئەفریقا و دامەزراوەی چاودێریی تەندروستیی ئەیدز رایدەگەیێنێت، کۆندۆم باشترین رێگەی پێشگیرییە لە ئەیدز. هاوکات دامەزراوەکە بە خۆڕایی کۆندۆم دابەش دەکات بۆ رێگری لە ڤایرۆسی HIV.
کۆمەڵێک ژن، پیاو و منداڵی پایتەختی زیمبابۆین و لە نۆرەدان بۆ وەرگرتنی نوێترین ڤاکسینی نەخۆشیی ئەیدز کە یەکەمجارە ئەم ڤاکسینە دوای پەسندکردنی، بەکاردێت.
کۆنستانس موکالۆکا، هاووڵاتیی زیمبابۆی دەڵێت: ''ئێستا پارێزراوم، دەتوانم بە بێخەمی کار بکەم، کاتێک حەبم دەخوارد، خەڵک لێم دەترسان وایان دەزانی تووشی ئەیدز بووم، نەیاندەزانی ئەوە حەبی خۆپارێزییە، بەڵام ئێستا ئەو کێشەیەم نەماوە و بەم دەرزییە تاوەکو شەش مانگی داهاتوو پارێزراوم''.
پێشان حەب بۆ رێگری لە تووشبوون بەکاردەهات، کە دەبوایە رۆژانە بخورێت، بەڵام ئەم ڤاکسینە رۆژانەی پێویست نییە و ساڵانە دوو جار لێدەدرێت.
ڤاکسینی دژەئەیدز لەلایەن ئەمریکاوە بە خۆڕایی دەدرێتە 10 وڵاتی ئەفریقا، لە زیمبابۆیەوە دەستیپێکردووە، چونکە لەماوەی 20 ساڵدا هەزاران کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
د. ئێرنێست چیکواتی، بەڕێوەبەری پڕۆگرامی دامەزراوەی چاودێریی تەندروستیی ئەیدز گوتی، ''با نەڵێین ئەمە چارەسەری یەکجارییە بۆ خۆپاراستن لە ئەیدز، هی دیکەش هەن وەکو کۆندۆم، ئێمە دوو جۆری کۆندۆممان هەیە کە بە خۆڕایی دەیانبەخشینەوە، دەبێت پارەی زیاتر بۆ ئەوە تەرخانبکرێت، چونکە هەرزانە''.
سەرەتا ڤاکسینە نوێیەکە دەدرێتە گرووپە مەترسیدارەکان بەتایبەت کچانی نەوجەوان، خانمانی دووگیان و شیردەر، تاوەکو زۆرترین کەس لە ئەیدز پارێزراوبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ