رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێ، دوای کۆبوونەوەیەکی "یەکلاییکەرەوە" لەگەڵ وەزیری تەندروستیی عێراق، بڕیاردرا بەشە دەرمانی نەخۆشخانەی هیوا زیادبکرێ و ئەو رۆتینەی دەبێتەهۆی دواکەوتنی گەیشتنی دەرمان بۆ نەخۆشخانەکە کەمبکرێتەوە.
رۆژی سێشەممە 21ی نیسانی 2026، بڕیار رەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆبوونەوەکە لەسەر پێشنیازی ئەوان و بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی و نوێنەرانی نەخۆشخانەی هیوا بووە و تێیدا تیشک خراوەتە سەر ئەو ئاستەنگانەی دەبنەهۆی دواکەوتنی دەرمانی نەخۆشانی شێرپەنجە.
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار دراوە "کارئاسانیی تەواو بکرێ بۆ ئەوەی دەرمان بە خێراترین کات بگاتە دەستی نەخۆشانی نەخۆشخانەی هیوا؛ هەروەها چەندین جۆری دەرمانی پێویست و گرنگ بۆ نەخۆشخانەکە دابین بکرێت."
بڕیار رەشید گوتی، "ئامادەکارییەکان دەستیانپێکردووە بۆ ئەوەی بۆ ساڵی 2027 بەشە دەرمانی نەخۆشخانەی هیوا زیاد بکرێ." گوتیشی، ئەم بڕیارانە ئەنجامی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی پێشوویان بووە لەگەڵ وەزارەت بۆ دروستکردنی لێکتێگەیشتنی راستەوخۆ.
پێشتر لە 01-04-2026، وەزیری تەندروستیی عێراق بەڵێنی دا بەشە دەرمانی پێویست بۆ نەخۆشخانەی هیوا زیاد بکات و بڕیاربوو کۆبوونەوەیەک لەنێوان وەزارەت، ئیدارەی نەخۆشخانەکە و نوێنەرانی سلێمانی بۆ ئەو مەبەستە ئەنجامبدرێ؛ ئەمڕۆ کۆبوونەوەکە کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ