رووداو - تەندروستی
وەزارەتی تەندروستی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە راپۆرتێکی نوێی راوێژکاریدا زەنگی مەترسی لەبارەی بەکارهێنانی زۆر و زیانبەخشی شاشە و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان لەلایەن منداڵان و مێردمنداڵانەوە لێدەدات و جەخت دەکاتەوە کە ئەم دیاردەیە گەیشتووەتە ئاستی کێشەیەکی تەندروستی گشتی و پێویستی بە هەنگاوی بەپەلە هەیە.
بەپێی زانیارییەکانی ناو ڕاپۆرتەکە زۆربەی منداڵان پێش ئەوەی تەمەنیان بگاتە 1 ساڵ دەست بە بەکارهێنانی شاشە دەکەن و لە تەمەنی مێردمنداڵیشدا تێکڕای کاتی بەکارهێنانی مۆبایل دەگاتە زیاتر لە 4 کاتژمێر لە رۆژێکدا کە ئەمەش زۆر زیاترە لەو کاتەی بۆ خەوتن یان قوتابخانە تەرخانی دەکەن و بووەتە هۆی تێکچوونی خەو و دابەزینی ئاستی خوێندن و لاوازبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.
رۆبێرت کەنەدی وەزیری تەندروستی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە سۆشیاڵ میدیا و یارییە ئەلیکترۆنییەکان کاریگەری وێرانیان لەسەر گەشەی منداڵ هەیە و وەک چارەسەریش پێشنیار دەکرێت منداڵانی خوار 18 مانگ بە هیچ شێوەیەک شاشە بەکارنەهێنن و بۆ تەمەنی خوار 6 ساڵ کەمتر لە 1 کاتژمێر بێت و بۆ تەمەنی نێوان 6 بۆ 18 ساڵیش لە 2 کاتژمێر تێپەڕ نەکات.
دکتۆر جەی جۆن مان، پرۆفیسۆر لە زانکۆی کۆڵۆمبیا، هۆشداری دەدات کە ئەو مێردمنداڵانەی تووشی ئالوودەبوونی شاشە بوون، ئەگەری بیرکردنەوە لە خۆکوشتن و کێشە دەروونییە قووڵەکانیان 2 بۆ 3 هێندە زیاترە، هەروەها کارا ئەلایمۆ، پرۆفیسۆری پەیوەندییەکان، جەخت دەکاتەوە کە ئەم ئامێرانە بە ئەنقەست بە شێوەیەک دیزاین کراون کە منداڵان تووشی ئالوودەبوون بکەن، بۆیە پێویستە خێزانەکان و قوتابخانەکان هەنگاوی جددی بۆ سنووردارکردنیان بگرنە بەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ