رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ کە لە لایەن توێژەرانی قوتابخانەی پزیشکی هارڤارد لە ئەمریکا ئەنجامدراوە، ئاشکرای دەکات، ژمارەی ئەو خێزانانەی بەهۆی کێشەی دەروونی منداڵەکانیانەوە سەردانی پزیشک دەکەن بە شێواەیەکی مەترسیدار زیادی کردووە و جۆرێکی کێشەی دەروونی لە منداڵان بەریژەی 250٪ زیادی کردووە.
توێژینەوەکە پشتی بە داتای بیمەی تەندروستی 1.8 ملیۆن منداڵ لە ویلایەتی ماساچوسێتسی ئەمریکا بەستووە. ئەنجامەکان دەریانخستووە کە رێژەی سەردانی پزیشکیی منداڵان بۆ کێشەکانی دەروونی لە ماوەی 9 ساڵی رابردوودا لە 5.7% بۆ 9.7% بەرزبووەتەوە.
لە نێو هەموو دەستنیشانکردنە دەروونییەکاندا، دڵەڕاوکێ (Anxiety) لە هەموو کێشەکانی دیکە خێراتر گەشەی کردووە و سەردانەکان بەو هۆیەوە بە رێژەی زیاتر لە 250% زیادی کردووە و لە 1.7% لە ساڵی 2014وە گەیشتووەتە 6.1% لە ساڵی 2023.
مێگان کۆڵ براهیم، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە قوتابخانەی پزیشکی هارڤارد و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، رایگەیاند کە تیمەکەیان سەرسام بوون بەو زیادبوونە خێرایەی بەتایبەت لە دڵەڕاوکێی منداڵاندا روویداوە، کە زۆر لە گەشەی هەموو دەستنیشانکردنەکانی دیکەی دەرووندروستی وەک خەمۆکی و ADHD زیاتر بووە.
هەروەها زیادبوون لە کێشەکانی دیکەشدا بینراوە:
• کەمیی سەرنج و زیادبوونی جووڵە (ADHD): لە 5.0% بۆ 6.7%.
• خەمۆکی: لە 1.2% بۆ 1.6%.
• تێکچوونی سپێکتەرمی ئۆتیزم: لە 0.5% بۆ 2.0%.
• تراوما (زەبر): لە 0.8% بۆ 1.6%.
دکتۆر مێگان دەڵێت؛ ئەم ئامارانە نیشانەی گۆڕانکارییەکی راستەقینە و قووڵن لە نیشانە دەروونییەکانی منداڵاندا و پێویستە خزمەتگوزارییەکانی چارەسەری دەروونی لەگەڵ چاودێرییە سەرەتاییەکاندا تێکەڵ بکرێن. گوتیشی: "لە هەر 10 منداڵێک کە دەچنە لای پزیشک، یەکێکیان پێویستییەکی دەروونی هەیە، ئەمەش قەبارەیەکی جێگەی سەرسوڕمانە."
لە لایەکی ترەوە، دکتۆر رۆبێرت ترێستمان، پسپۆڕی دەروونی لە ئەمریکا، ئاماژە بەوە دەکات کە زیادبوونێکی روون لە بیرکردنەوەی خۆکوژی لە نێو منداڵاندا هەیە کە "بە شێوەیەکی بێ گومان پەیوەستە بە سۆشیاڵ میدیاوە. و هۆشداری دەدات کە پزیشکانی گشتی تەنها 12 خولەکیان بۆ هەر نەخۆشێک هەیە و بەهۆی کەمیی پسپۆڕی دەروونی منداڵان و کێشەکانی بیمە، زۆرجار تەنها دەرمان وەک چارەسەر دەمێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ