نزیکەی 1.2 ملیار کەس لە جیهاندا بەدەست نەخۆشییە دەروونییەکانەوە دەناڵێنن

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
لونا خالید
A+ A-
رووداو - تەندروستی

بەپێی توێژینەوەیەکی نوێی فراوان کە لەلایەن پەیمانگای پێوانەکردن و هەڵسەنگاندنی تەندروستی (IHME) لە زانکۆی واشنتن لە ئەمریکا، کراوە و لە گۆڤاری زانستی "The Lancet" بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە جیهاندا بەدەست نەخۆشییە دەروونییەکانەوە دەناڵێنن گەیشتووەتە نزیکەی 1.2 ملیار کەس، کە ئەمەش بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو بە رێژەی 95.5% لە ساڵی 1990ـەوە نیشان دەدات.
 
دکتۆر دامیان سانتۆماورۆ، پرۆفیسۆر لە زانکۆی کوینزلاند لە وڵاتی ئۆسترالیا و سەرپەرشتیاری سەرەکی توێژینەوەکە، ئاماژە بەوە دەکات کە دڵەڕاوکێ و خەمۆکی باوترین جۆری نەخۆشییەکانن و رێژەی تووشبوون بە دڵەڕاوکێ 158% و خەمۆکیش 131% زیادیان کردووە.
 
توێژینەوەکە دەریخستووە کە پەتای کۆرۆنا کاریگەرییەکی قووڵی هەبووە و رێژەی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ دوای کۆتایی هاتنی پەتایەکەش هێشتا وەک خۆیان بە بەرزی ماونەتەوە و نەگەڕاونەتەوە بۆ ئاستی پێش ساڵی 2020. 
 
یەکێک لە دەرەنجامە هەرە مەترسیدارەکان ئەوەیە کە لوتکەی تووشبوون بۆ یەکەمجار لە مێژوودا گۆڕاوە بۆ مێردمنداڵانی تەمەن 15 بۆ 19 ساڵ، لە کاتێکدا پێشتر ئەم لوتکەیە هەمیشە لە تەمەنی ناوەنددا دەبینرا. 
 
دکتۆر رۆبێرت ترێستمان، سەرۆکی ئەنجومەنی سیستەمە تەندروستییەکان لە ئەمریکا، روونی دەکاتەوە کە ئەم قۆناغەی تەمەن بۆ گەشەی مێشک و فێربوونی کارامەیی کۆمەڵایەتی زۆر هەستیارە و هەر تێکچوونێک تێیدا کاریگەری درێژخایەنی دەبێت، هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە هەرچەندە قەیرانەکان زیادیان کردووە، بەڵام کەمبوونەوەی شەرم (Stigma) لە ئاشکراکردنی نەخۆشییە دەروونییەکان وای کردووە خەڵک زیاتر سەردانی پزیشک بکەن و داوای هاوکاری بکەن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ڤاکسین.

164 وڵات ڤاکسینی HPVیان خستووەتە نێو بەرنامەی کوتانی نیشتمانی

زانکۆی جۆن هۆپکینز لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، بەرنامەکانی کوتان بە ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی پاپیلۆمای مرۆیی (HPV) لە سەرانسەری جیهاندا لە فراوانبووندان، ئەمەش وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ بنبڕکردنی شێرپەنجەی ملی منداڵدان سەیر دەکرێت.