پسپۆڕان: کحولی ساختە دەبێتە هۆی کوێربوون و مردن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ نزیکبوونەوەی سەری ساڵ، کحولی ساختە زیاد دەبێت و ساڵانە لە زۆر وڵاتدا خەڵک بەهۆیەوە دەمرن یانیش تووشی نەخۆشی دەبن.
 
پسپۆڕان هۆشداری دەدەنە ئەو کەسانەی لە سەری ساڵدا کحول دەخۆنەوە و دەڵێن؛ خواردنەوەی کحولی ساختە دەبێتە هۆی کوێربوون و دوور نییە ببێتە هۆی مردنیش.
 
هەفتەیەک ماوە بۆ سەری ساڵی 2026. ساڵانە لە تورکیا و باکووری کوردستاندا پێش ئەو ئاهەنگانە، چاودێری لەسەر فرۆشگەکانی خواردنەوەی کحولی تووندتر دەکرێ. 
 
د ئەفشین ئیپەکچی، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر هۆشداری لەبارەی بەکارهێنانی کحولی ساختە دەدات و دەڵێ: "کحولی ساختە بە "مێتیڵ" یان "مێتانۆڵ" دەناسرێت. بەهۆی ئەوەی لە قۆناخە سەرەتاییەکاندا تەنیا سەرخۆشی دروست دەکات، لەگەڵ ژەهراویبوونی ئاسایی جیا ناکرێتەوە."
 
ئەو پسپۆرە هەروەها رایگەیاند، ئەوانەی کحولی ساختە دەخۆنەوە، سەرەتا زیاتر کێشە لە بینینیان دروست دەبێت. هەروەها تووشی دابەزینی پەستانی خوێن و سستبوونی گورچیلە دەبن و بەشێکیان دەمرن."
 
پسپۆران دەڵێن، گۆڕانی مێتانۆڵ بۆ ماددەی زیانبەخش بەگشتی دوای 6-8 کاژێر دەردەکەوێت. دواتر نیشانەکانی وەک لەدەستدانی بینین، تەڵخبوونی چاو، بینینی پەڵەی سپی وەک بەفر یان کوێربوون دەردەکەون. ئەگەر لەو قۆناخەشدا نەخۆش نەگەیێندرێتە نەخۆشخانە، هۆشیان نامینێت، پەستانی خوێنیان دادەبەزێت و کۆما دەستپێدەکات. ئەو ماوەی 6 بۆ 8 کاژێرە بۆ جێبەجێکردنی رێنماییەکان زۆر گرنگە."
 
دکتۆر ئیپەکچی باسی ئەو چارەسەرانە دەکات کە بۆ ژەهراویبوونی کحولی ساختە بەکاردێن و گوتی: "خۆشبەختانە دوو دژەژەهری گرنگ هەن؛ یەکێکیان دەرمانێکە لە دەرەوەی وڵات دەهێندرێتە تورکیا، ئەوەی دیکەشیان ئەو کحولە ئاساییەیە کە پێی دەگوترێت ئیتانۆڵ. ئەگەر نەخۆش درەنگ بگات، ئەو کاتە پاشماوە زیانبەخشەکان لە جەستەدا دروست دەبن، بۆیە پەنا بۆ دیالیز (شۆردنی گورچیلە) دەبەین".
 
پسپۆران خەڵک لەو مەترسییە ئاگادار دەکەنەوە کە زۆر جار وادەزانن ئەو کەسەی کحولی خواردووەتەوە، سەرخۆشە. لەکاتێکدایە ئەو کەسە گیانی لە مەترسیدایە.
 
ساڵانە چەندین ئۆپەراسیۆن لە شارەکانی تورکیا و باکووری کوردستان بۆ نەهێشتنی کحولی ساختە بەڕێوەدەچن و چەندین کەس دەستگیر دەکرێن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە