رووداو- تەندروستی
پسپۆڕێکی تەندروستیی کۆمەڵ رایدەگەیێنێت، جەنگ هۆکارێکە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان، چونکە لەکاتی جەنگدا خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لاواز دەبن و خەڵک وەکو پێویست خزمەتگوزاریی تەندروستییان پێناگات.
ئەمڕۆ سێشەممە 24-3-2026 د. نەبەز نەسڕەدین، پسپۆڕی تەندروستیی کۆمەڵ لە بوڵتەنی تەندروستی گوتی، لەکاتی جەنگدا ناتوانرێت ژمارەی تووشبووانی نەخۆشییە گوازراوەکان بە دروستی تۆماربکرێت، ئەوەش گرفتێکی گەورەیە، روونیشیدەکاتەوە کە رێگەکانی گواستنەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان بەهۆی هەناسەدان یان ئاوەوەیە، بۆیە بوونی جەنگ و دروستبوونی قەرەباڵخی لەنێو کەمپەکاندا ئەگەری تووشبوون زیاد دەکات.
بە گوتەی د. نەبەز نەسڕەدین، دەستنەکەوتنی ئاوی پاک یەکێکە لە گرفتەکان و ئەگەری گواستنەوەی نەخۆشییەکانی وەک کۆلێرا زیاد دەکات.
هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات، "لەکاتی جەنگدا کوتان کەم دەبێتەوە یان هەر نامێنێت، بەمەش ئەو نەخۆشیانەی کە بەهۆی کوتانەوە کۆنترۆڵکراون، ئەگەری سەرهەڵدانەوەیان زیاد دەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ