رووداو - تەندروستی
بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە لەسەر زیاتر لە پێنج هەزار کەس کراوە، دەرکەوتووە؛ وەرزش لە تەمەنی گەنجیدا وادەکات لە بەساڵاچووندا کەسەکە لە زۆر نەخۆشی پارێزراو بێت.
توێژینەوەکە لە زانکۆی کالیفۆرنیا لە ئەمریکا کراوە و دەرکەوتووە، ئەو نەوجەوان و گەنجانەی رۆژانە وەرزشیان کردووە، لە تەمەنی دوای پەنجاکانیاندا تەندروستتر بوون لەو کەسانەی کە وەرزشیان نەکردووە. ئەمەش بە شێوەی پرسیاری دراوە بە بەساڵاچووان و کەسانی سەروو 50 ساڵ.
کریستن بیبینز، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: یەکێک لەو نەخۆشییانەی کە لەڕێگەی وەرزشەوە بە باشی کۆنتڕۆڵ و پێشگیری لێ دەکرێت، پەستانی خوێنە ''زەخت'' کە دەشێت ببێتە جەڵتەی دڵ و مێشک.
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لەکۆی چوار پیاو یەکێکیان و لەکۆی پێنج ژن یەکێکیان تووشبووی بەرزەپەستانی خوێنە کە ناسراوە بە نەخۆشیی زەخت. هەروەها بە بکوژی بێدەنگیش ناسراوە.
کۆمەڵەی پسپۆڕانی نەخۆشییەکانی دڵ لە ئەمریکا چۆنیەتیی پێوانەکردنی پەستانی خوێن بە دروستی روون دەکاتەوە؛
لەکاتی پێوانەکردنەکە؛
قسە مەکە و مەترسێ، باشترە دوو جار پێوانەکە تۆمار بکەیت بۆ دڵنیابوونەوە، بەڵام هەر جارێکیان چەند خولەکێکی لەنێوان بێت
شێوەی دانیشتن گونجاو بێت؛
پاڵبدەرەوە بە کورسییەکە، قاچ مەخەرە سەر قاچ و با قاچەکان لە زەویدا بن، ئەو دەستەی پێوانەکەی لێدەکرێت لەسەر مێزێک دابنرێت و پەستانی نەکەوێتە سەر
شوێنی دانانی ئامێرەکە؛
بەستەری ئامێرەکە لە سەروو چەمانەوەی ئانیشکەوە بێت، بە باشی ببەسترێت و نابێت لەسەر جلوبەرگەوە ببەسترێت
پێش ئەوەی پێوانەکردنە بکەیت؛
- جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپ مەکێشە
- چا، کحول، قاوە و خواردنەوە وزەبەخشەکان مەخۆرەوە
- وەرزش مەکە
- میزەڵدانت بەتاڵ بکەرەوە
- ماوەی پێنج خولەک بحەسێرەوە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ